شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای پاکستان و ئەفغانستان ڕوویدا

حکوومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، سوپای پاکستان جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان کردووە، بە هۆیەوە زیاتر لە 10 کەس کوژراون و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین؛ لە بەرانبەردا حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاندووە، نزیکەی 20 چەکداری تاڵیبانیان کوشتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی حکوومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، سوپای پاکستان جارێکی دیکە بە چەکی مامناوەند و قورس هێرشیکردووەتە سەر ناوچەی سەپین بۆڵدەک لەسەر سنووری هەردوو وڵات، لە ئەنجامدا 12 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 100 کەسی دیکەش برینداربوون، بەبێ ئەوەی ئاماژەی بە کوژران و بریندابوونی هیچ چەکدارێکی تاڵیبان بکات.
جەختی لەوەشکردەوە، دوای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سوپای پاکستان و کوژرانی ئەو سەربازانەی کە سەرچاوەی هێرشەکان بوون، ئێستا ناوچەکە ئارام و بێدەنگە و هیچ مەترسیەک بۆ سەر گیانی خەڵکی مەدەنی نەماوە.
لە لایەکی دیکەوە عەبدولجان پاراک بەرپرسی بنکەی تەندروستیی ناوچەی سەپین بۆڵدەکی ئەفغانستان، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 80 ئافرەت و منداڵ بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان و چارەسەریان بۆ کراوە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە ژێر چاودێریی ماونەتەوە.
لە بەرانبەردا حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاند، لە ناوچە سنوورییەکاندا هێرشیان کردوەتە سەر چەکدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان، لە ئەنجامدا نزیکەی 20 چەکداری تاڵیبان کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون .
گژییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، چەند تەقینەوەیەک لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕوویان دا؛ وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی تاڵیبان بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی خستە ئەستۆی پاکستان و بە "پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی" تۆمەتبار کرد.
لە بەرانبەردا ئیسلام ئاباد ڕۆڵی خۆی لەم تەقینەوانەدا پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام داوای لە کابول کرد "چیتر ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی داڵدە نەدات."
ئیسلام ئاباد، بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان، کە هەمان ئایدۆلۆجیای ئەفغانییەکانیان هەیە و لەوێ مەشقیان کردووە، بە کوشتنی سەدان سەربازی پاکستانی تاوانبار دەکات