هاوپەیمانیی سیادە: پێویستە بە زووترین کات ناسنامەی بکوژانی سەفا مەشهەدانی ئاشکرا بکرێت

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هاوپەیمانیی سیادە ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری کوژرانی سەفا حوسێن مەشهەدانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، چونکە گەندەڵی ئاشکرا کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، هاوپەیمانی سیادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: بکەرانی ئەو کردەوەیە وای دەبینن دەتوانن ئەژنۆمان بشکێنن، بەڵام هەڵەن چونکە وەکو شەهیدێک سەیری دەکەین، دەیانەوێت ئیرادەمان بشکێنن، بەڵام هەرگیز ئەمە نابینن، کوشتنی کاندیدەکەمان ناتوانێت ساردمان بکاتەوە لەسەر ئەم ڕێبازەی گرتوومانەتەبەر، هەرگیز پاشەکشە ناکەین لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیردن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ترسیان هەیە لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی دیکەی کوشتن و ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ دووبارەکردنەوەی رووداوی هاوشێوەیە، داوا دەکەن هێزە ئەمنییەکان بەخێرایی دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن و دادگای یەکلای بکاتەوە.
هاوپەیمانی سیادە هۆکاری کوژرانی سەفا حوسێن مەشهەدانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، چونکە گەندەڵی ئاشکرا کردووە.
هاوکات داوا دەکەن، بە زووترین کات ناسنامەی بکوژانی سەفا حوسێن مەشهەدانی ئاشکرا بکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تەقینەوەیەکدا لە ناوچەی تارمیەی باکووری بەغدا، سەفا حوسێن مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هاوپەیمانی "سیادە" بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کوژرا.