بارەگای بارزانی بە توندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی دەکات
بارەگای بارزانی سەرەخۆشیی لە خەمیس خەنجەر دەکات

بارەگای بارزانی، بە توندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانیی سیادەی کرد و ڕایگەیاند: کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.
چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هاوپەیمانیی سیادە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد.
بارەگای بارزانی، وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە، کەسوکاری سەفا مەشهەدانی، هاوپەیمانێتیی سیادە و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە، ئاماژەی بەوە دا، کردەوەی لەم جۆرە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.
بارەگاکە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.
سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لە دەستدا.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.
هاوپەیمانیی سیادە یەکێکە لەو پارتە سەرەکیانەی سوننە کە بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم پارتە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کردەی تیرۆرکردن و ڕفاندنی چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران ڕوویداوە، کە هەندێکیان نەیاری گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بوونە.