پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی عێراق کێشەی دابینکردنی نەختینەی هەیە و داوای کاتی کردووە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هۆکارانی نەناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەران بەهۆی بەهۆی نەبوونی نەختینەی پێویست لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بووە، دەشڵێت، کێشەکە قورس نییە و چارەسەر دەکرێت.

چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بووە بە پرسی داهاتی ناوخۆ، بەتایبەت کە شاندێک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق تایبەت بە داهاتی نانەوتی سەردانی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

جەختیشی کردەوە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کاری لە پێشینەی حکوومەتە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن کە 120 ملیار دینار دابین بکەن و بینێرە بەغدا، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی ڕێگر نابێت لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە و مووچەی فەرمانبەران نەفەوتێت.

پێشەوا هەورەمانی دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێم زۆر بە خێرایی کار لەسەر دۆسیەی مووچە دەکات و گوتی: "ئێمە لە ئامادەکردنی لیست، وەڵامدانەوەی خێرای داواکارییەکان و ڕێکخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی زۆر خێراین، بۆ ئەوەی هیچ کێشە و ناکۆکییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دروست نەبێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت."

سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد حکوومەتی فیدراڵ داوای کەمێک کاتی کردووە بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست و گوتی: "پێیان ڕاگەیاندووین کەمێک دەرفەتمان پێ بدەن، کێشەکە قورس نییە و بە زوویی چارەسەر دەکرێت."

دەشڵێت: "ئێمە لیستی مووچەی مانگی دەمان ئامادەیە و لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی هەشت، دەستبەجێ کار دەکەین بۆ ئامادەکردنی 120 ملیار دینارەکە لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی مانگی داهاتوو."

 
 
 

Fly Erbil Advertisment