ئێران جارێکی دیکە جەخت لە خاوەندارێتیی سێ دوورگەکەی کەنداو دەکاتەوە

ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، سێ دوورگەکەی کەنداو بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئێرانن و بانگەشە بێبنەماکانی وڵاتانی ناوچەکە شایەنی وەڵامدانەوە نین."

پێنجشەممە، 16 تشرینی یەکەم، 2025، ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'، دەربارەی  دووبارەبوونەوەی بانگەشە بێبنەماکانی هەندێک وڵات سەبارەت بە خاوەندارێتیی سێ دوورگە ئێرانییەکە، جەختی لەسەر سەروەریی مێژوویی و یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر ئەم دوورگانەدا کردەوە و گوتی: ناو بە ناو، هەندێک وڵات کە تووشی کێشەی ناوخۆیی دەبن، بابەتی خاوەندارییەتی سێ دوورگەکە دێننەوە گۆڕێ؛ ئەم دوورگانە، لە هەموو نەخشە مێژووییەکان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک بەشێک لە خاکی ئێران تۆمار کراون.

 کەوسەری، ئاماژەی بە بوونی دانیشتووانی ئێرانی و ژێرخانی ئاوەدانی لەم دوورگانەدا کرد و گوتی: دامودەزگاکانی حکوومەتی ئێران لەم دوورگانەدا جێگیرن؛ خەڵکی ئێمە لەوێ نیشتەجێن، ژێرخانی پێویست دابین کراوە و ئەم ناوچانە بەشێکن لە پارێزگای هورمزگان. بانگەشەی ئەو وڵاتانە، قسەی بێبنەمان کە لەلایەن هەندێک لایەنی سەر بە ئەمەریکاوە دەکرێن و شایەنی وەڵامدانەوە نین.

 لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەنجوومەنی  هاریکاریی کەنداو کە لە 7ـی ئەم مانگەدا بە میوانداریی کوێت بەڕێوەچوو، یەکێتیی ئەورووپا بۆ  نیشاندانی ئاستی گرژی و دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ ئێران سوودی لێ وەرگرت. ئەوان ڕاگەیەنراوێکی 63 خاڵییان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی میرنشینەکانی کەنداو واژۆ کرد، کە ئەم سێ خاڵەیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە:

1-داگیرکردنی سێ دوورگەکەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا،  پێشێلکردنی سەروەریی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە. 

2-پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەر تەکنەلۆجیایەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی  ناوچەکە و جیهان دەکات، پێشێلکاریی ڕێککەوتننامە و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەبێ ڕابگیردرێت.

3-ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەڕاندنەوەی سزاکان دژی ئێران بە مانای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران نییە و ئەنجوومەنەکە پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ئەم ناکۆکییە لە ڕێگەی دانوستانی دوولایەنە یان بردنە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی داد بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment