چین داوای ترەمپ بۆ نەکڕینی نەوتی ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕایگەیاند، چین هەموو جۆرە فشارێک و زۆرلێکردنێک ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ڕووسیا.
لیو بینگیۆ، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن گوتی: چین بە توندی هەر جۆرە سزایەکی نایاسایی تاکلایەنە یان هەرجۆرە فشارێک ڕەتدەکاتەوە.
دیپلۆماتکارە چینیەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا هاوکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا، لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگە پێدراوە، زیان بە بەرژەوەندیی لایەنی سێیەم ناگەیەنێت، پێویستە ڕێزی لێبگیرێت و پارێزگاری لێبکرێت."
ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، گوتی: نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان دڵنیای کردووەتەوە کە هیندستان نەوتی ڕووسیا ناکڕێت، هەروەها داوای لە چینیش کرد نەوتی ڕوسای نەکڕێت.
باڵیۆزخانەی چین ڕایگەیاندووە، "چین ئامادەیە بۆ شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام دەرگای دانوستانەکانیشی بەکراوەیی دەمێنێتەوە، جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا ناتوانێت داوای یەکلاییکردنەوەی کێشە بازرگانییەکە بکات، لەکاتێکدا بەردەوام بێت لە هەڕەشەی سەپاندنی باج."