مەروان محەممەد: دەنگدانی بەندکراوان لە یاسای هەڵبژاردن ئاماژەی بۆ نەکراوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، مەروان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، وردەکاریی دوا ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و هۆکاری بەشدارینەکردنی هەندێک چین و توێژی خستەڕوو.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی لە زیندانەکان یان نەخۆشخانەکاندان، ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن. هۆکارەکانیشی بۆ دوو خاڵە.

یەکەمیان لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، میکانیزمی بەشداریکردنی ئەم کەسانە دیاری نەکراوە.
دووەمیان کۆمیسیۆن نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ وەرگرتنی داتایەکی ورد لەسەر ژمارەیان، بەڵام داتای پێویست و گونجاو بەدەست نەگەیشتووە. لەسەر ئاستی تەواوی عێراق تەنیا نزیکەی 700 کەس تۆمار کرابوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمە و لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەکاری بۆ ناکرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، سیستەمی نوێی هەڵبژاردن ئەلیکترۆنییە و وەک ڕابردوو نییە کە تەنیا پێویستی بە کاغەز و سندوقی دەنگدان هەبێت، بەڵکو پشت بە داتا و ئامێری ورد دەبەستێت.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، مەروان محەممەد، گوتی: بڕیارە ڕۆژی 20ـی مانگ، کارتەکانی دەنگدان بگەنە فڕۆکەخانەی هەولێر و دواتر لە کۆگاکاندا ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی ڕۆژێک پێش دەنگدانی تایبەت و گشتیی بەسەر بنکەکاندا دابەش بکرێن. لەگەڵ ئەو پێداویستییە تەکنیکیانەی کە بۆ وێستگەکانی دەنگدان پێویستن، ئەمڕۆ دەگەنە هەولێر. هەروەها بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئەمنیی، لە ڕێکەوتی6ی مانگی داهاتوو قوتابخانەکان وەردەگیرێن بۆ ئەوەی وەک بنکەی دەنگدان ئامادە بکرێن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆن داوای لە هاووڵاتییان کرد سەردانی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان. لە سنووری پارێزگای هەولێر 53 بنکە هەن کە لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانییەوە کراوەن.

داواشی لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە ساڵانی 2017، 2018 و 2019وە ناویان تۆمار کردووە و تا ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment