پاسەوانێکی پێشووی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نەرویج بە تاوانی سیخوڕیی بۆ ڕووسیا و ئێران سزا درا

هاووڵاتییەکی نەرویجی کە پێشتر پاسەوانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بووە لە ئۆسڵۆ، بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ هەواڵگری ڕووسیا و ئێران بە سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی، سزا درا.
پاسەوانە پێشووەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵییە، تۆمەتبار کرابوو بە دزەپێکردنی نەخشە و زانیاری دەربارەی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکی لە ئۆسڵۆ، لە نێوان ئادار و تشرینی دووەمی 2024، بەرانبەر بە 10 هەزار یورۆ لە ڕووسیا و 0.17 بیتکوین (هەشت هەزار و 500 یۆرۆ) لە ئیران.
دادگای ئۆسڵۆ، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، بڕیاری سزاکەی ڕاگەیاند، ئاماژەی داوە: ئەو زانیاریانەی دزەیان پێکراوە، دەتوانرێت بۆ کردەی ڕاستەوخۆ و هێڕشکردنە سەر کەسانی دیاری کراو بەکار بهێنرێن.
دادگاکە ڕایگەیاندووە "تۆمەتبارەکە زانیویەتی ئاشکرابوونی ئەو زانیارییانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت."
تۆمەتبارەکە، دانی بە کردەوەکەیدا نا و گوتوویەتی: وەک ناڕەزایی بەرانبەر بە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شەڕی غەززە، ئەو کارەی کردووە، بەڵام ڕەتیکردوە سیخوڕی کردبێت و گوتی: ئەو زانیارانەی کە دزەی پێکردووە، نهێنی نەبوون.
تۆمەتبارەکە، ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبیل و ناو و ژمارەی مۆبایل و زانیاری دەربارەی خێزانی دیپلۆمات و فەرمانبەران و نەخشەی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە و لیستی ناوی پاسەوانانی باڵیۆزخانەکەی داوەتە هەواڵگریی ڕووسی و ئێرانییەکان.
جگە لەوانەش پارێزەری تاوانبارەکەش ڕایگەیاندووە، هێشتا بڕیاری تێهەڵچوونەوەی کەیسەکەی نەداوە و گوتی: ئەو زانیاریانەی دزەیان پێکراوە، هیچ گرنگییەکیان نەبووە و ئاشکرابوونیان زیانی بۆ هیچ کەس و بەرژەوەندیی و ئاسایشی وڵاتان ناگەیەنێت.