حه‌ماس دەگەڕێتەوە شه‌قامه‌كانی غه‌ززە

پاش کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس وەک دەسەڵاتی بێڕکابەری سەربازی- ئەمنیی لەسەر شەقامەکانی شاری غەززە دەرکەوتنەوە.

پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەم 2025، ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "پاش ڕێککەوتنی ئاگربەست و  کشانەوەی سوپای ئیسرائیل بۆ هێڵی دیاریکراو، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس، هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە و ڕاوەدوونانی ڕکابەرەکانیان دەست پێ کردووە. ئەوان، بە تۆمەتی هاوکاریی ئیسرائیل، کەوتوونەتە گرتن و کوشتنی بەشێک لە پیاوانی عەشیرەتی موجایدە و ناچاریان کردوون ملکەچیی خۆیان بۆ دەسەڵاتی حەماس لە غەززە ڕابگەیەنن."

ڕۆژنامەکە، نووسیویەتی "ڕەنگە حەماس شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرتبێت، بەڵام شەڕێکی دیکەی دژ بەو عەشیرەت و گرووپە چەکدارانە دەست پێ کردووە کە لەکاتی شەڕی ئیسرائیلدا، ڕکابەریی حەماسیان لە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکرد. حەماس، هەردوو عەشیرەتی موجایدە و ئەستەل، بە هاریکاری و وەرگرتنی یارمەتیی لە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و بە گرتن و کوشتنی پیاوەکانی ئەو دوو عەشیرەتە، دەیەوێ پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو لایەک  بنێرێت، بەوەی دوای چەندان مانگ خۆشاردنەوە و پەنابردنە بەر توونێلە تاریک و درێژەکان، ئێستا وەک تاکە دەسەڵاتی دیاری کەرتەکە، گەڕاوەتەوە."

گەڕانەوەی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سەربازیی حه‌ماس، كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر داهاتووی غه‌ززه‌ و پلانی ئاشتیی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ هه‌یه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ ئیسرائیل تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌ماس، لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی سەرۆک تره‌مپدا خۆی پاراستووه‌، ئه‌و گروپه‌ جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا سەپاندووەتەوە و ئێستا پاشماوەی دەزگا و دامەزراوە مەدەنییەکانی کۆنترۆڵ کردووە.

 بە گوێرەی پلانە 20 خاڵییەکەی تره‌مپ، دەبێت حەماس، چه‌كه‌كانی ڕادەست بکات و هیچ ڕۆڵێکی له‌ حوكمڕانیی غه‌ززه‌دا نه‌بێت. به‌ڵام پلانه‌كه‌ ورده‌كاری تێدا نییه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حه‌ماس، له‌ گفتوگۆكانی قۆناغی دووه‌مدا كه‌ له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوودا دەست پێ دەکەن، به‌ توندی دژایەتیی بكات. 

مسته‌فا ئیبراهیم، شاره‌زای سیاسی، ده‌ڵێت: پاش ڕادەست کردنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان، ڕەنگە حەماس چیتر کارتی بە‌هێزی بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لە دانوستانەکاندا بە دەستەوە نەبیت؛ بەڵام دەتوانێت بە بیانووی سەپاندنی ئاسایش، داوای ئەوە بکات بەشداریی لە حوکمڕانی غەززەدا بکات.

نێوەندگرە عەرەبەکانیش لەو بڕوایەدان، ئیسرائیل لە ماوەی شەڕەکەیدا سیاسەتی 'پەرت کە و زاڵ بە'ی بەکار هێناوە و هاوکاریی سەربازیی عەشیرەتە نەیارەکانی حەماسی کردووە. بۆیە، پێویستە ڕێگە بە حەماس بدرێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەندامەکانی، سوود لە چەکە سووکەکانی وەربگرێت.

 ڕەشید موهەنەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کاروباری جیهانیی، دەڵێت: بزووتنەوەی حەماس لەو گرەنتیانەی لە لایەن نیوەندگیرەکانەوە پێی دراوە دڵنیایە کە ئیسرائیل شەڕ دەست پێ ناکاتەوە؛ بەڵام بوونی گرووپە چەکدارە عەشایەرییەکان، کێشەیەکی گەورەن و دەتوانن ببنە هۆی تێکدانی ئاسایشی کەرتەکە و هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتیی ئەندامانی حەماس. 

به‌رپرسانی حه‌ماس  ڕایانگەیاندووە ‌" ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری حوكمڕانیی غه‌ززه‌ بن."  به‌ڵام بە گوێرەی سەرچاوە فه‌ڵه‌ستینی و عه‌ره‌بییەکان كه‌ ئاگاداری گفتوگۆكانن، بەرپرسانی حەماس بە ‌ نهێنی گوتوویانه‌ ‌"ئه‌وان به‌شێكن له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دەبێت لە ئیدارەدانی غه‌ززه‌دا ڕۆڵی خۆیان هەبێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش ڕەنگە لە داهاتوودا ناوی خۆیان بگۆڕن و وەک پارتێکی سیاسیی یەکگرتوو لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکەدا چالاکی بکەن."

 ورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ چه‌كداماڵین و حوكمڕانی، ده‌بێت له‌ دانوستانه‌كاندا یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ چه‌ندین مانگ یان زیاتر، بخایه‌نێت.

 ڕۆژی دووشه‌ممەی ڕابردوو‌، دۆناڵد تره‌مپ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی گوت: لە هێڕشە تۆڵەسێنەکانی حەماس نیگەران نیم،  ئه‌وان چه‌ند گروپێكی چه‌كداریان له‌ناو برد كه‌ زۆر خراپ بوون و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئەو گرووپانەیان كوشت، ڕاستەکەی بڵێم ئەوە نیگەرانمی نەکردووە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment