فوئاد حوسێن: بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی پشتگیری سووریا دەکەین

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، دووپاتی کردەوە کە، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا ئاسایین و سەردانی فەرمی و دیدارەکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن، جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق هەوڵدەدات بە شێوەیەک پشتگیری دیمەشق بکات و یارمەتی بدات کە خزمەت بە سەقامگیرییەکەی بکات.
فوئاد حوسێن لە میانەی دیالۆگێکی کراوەدا لە کۆڕبەندی گفتوگۆکانی دەریای ناوەڕاست کە لە شاری ناپۆلی ئیتاڵی، کە دوێنێ پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەچوو، ڕوونی کردەوە کە، ناسەقامگیری لە سووریا کاریگەری خراپی لەسەر عێراق دەبێت، دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی نایەوێت ئەزموونی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دووبارە بێتەوە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەبوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییان، ئامۆژگاری برایەکانی لە سووریا دەکات کار لەسەر بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی گشتگیردا و بنیاتنانی لێک تێگەیشتنی هاوبەشدا بکات.
لە مانگی ئازاری ڕابردوو، ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە یەکەم سەردانی فەرمیدا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، وەک یەکەم بەرپرسی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.
شێبانی لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە پێشوازیی کرا و کۆبوونەوە..
هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ، لە تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا دووپاتی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا باشن و دیدارەکان لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات بەردەوامن بۆ گەیشتن بە هەماهەنگی، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی(داعش).
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئومێدەوارە بگاتە لێک تێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنی سووری بۆ شەڕی دژ بە چەتە تیرۆریستەکان، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوکاریی هەرێمیی باشترین ڕێگایە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.