ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان

بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، لایەنی کەم کەسێک کوژرا و 7ـی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: چەند شوێنێکیان لە ناوچەی کێڵگەی سینای باشووری لوبنان بۆمباباران کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، ئەو پێگانەی بۆمباران کراون، یارمەتیی چەکدارانی حزبوڵڵای داوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی باڵەخانە و شوێنی مانەوەیان لە باشووری لوبناندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، دەزگای "اخضر بلا حدود"یان بە ئامانج گرتووە کە لە ساڵی 2023ەوە تا ئێستا چەندین جار، بە تۆمەتی پشتگیری کردن و ئەنجامدانی چالاکییەکانی حزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، لەلایەن ئەمەریکاوە سزادراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە ئەنجامی بۆمبابارانی ئیسرائیل کەسێک گیانی لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە لایەن خۆیەوە جۆزێف عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و گوتی،ئەم هێرشە یەک بەدوای یەکانەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستەماتیکی ئیسرائیلە کە ئامانجی ڕووخاندنی ژێرخانی لوبنان و ڕێگریکردنە لە دووبارە بووژانەوەی ئابووری لوبنان و بە ئامانجگرتنی سەقامگیرییەکەی بە بیانووی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، بۆمبابارانەکە بە جۆرێک بەهێز بووە، دەنگی لە ناوچەکانی دوور لە شوێنەکەش بیستراوە.