تورکیا تیمێک بۆ گەڕان بەدوای تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕەوانەی غەززە دەکات

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کار بۆ گەڕاندنەوەی ڕووفاتی تەواوی ئەو ئیسرائیلیانە دەکات کە تا ئێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکانی غەززەدا ماونەتەوە.
ویتکۆف لەبارەی قۆناغەکانی ڕێککەوتنی غەززە بۆ ڕۆژنامەی(نیویۆرک پۆست) گوتی، پێویستە ڕێککەوتنەکە دەرفەتی کار و فێربوون و ئومێد بۆ خەڵکی غەززە بەدیبێنێت، نەوەک بە تەنیا بیر لە چەک و توندوتیژی بکرێتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی ئەو مرۆڤانەی بۆ ماوەیەکی درێژ شکۆیان شکێندرا.
ویتکۆف لەو گوتارەیدا کە لە مۆزەخانەی(هۆلۆکۆست) لە ئەمەریکا پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حەماس چەک دابنێت، چونکە هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە کەرتی غەززە نەماوە.
گوتیشی: 10 تەرممان گەڕاندەوە، هەوڵدەدەین تەواوی تەرمەکانی دیکەش بگەڕێنینەوە و دڵنیام دەتوانین ئەوە بکەین، ئاماژەی بەوە کرد، شتێک لەوە پیرۆزتر نییە خزم و کەسانیان، بەشێوەیەکی شایستە ئەو تەرمانە بنێژن.
ویتکۆف ئەم قسانەی لەبەردەم ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژی(هۆلۆکۆست) و بارمتەیەکی ئازادبووی ڤیستیڤاڵی نۆفا و سەربازێکی ئیسرائیلی بەشداربووی شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەردا کرد و گوتی: هەموو هەوڵێک دەدەین تەواوی ڕووفاتەکان بگەڕێنینەوە کە بووەتە مایەی نیگەرانی خێزانەکانیان.
بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، تیمێکی تورکیا کە لە 81 کەس پێکهاتوون و شارەزا و پسپۆری دۆزینەوەی تەرمن لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەکان، بەهاوبەشی هەواڵگریی ئیسرائیل، هاوکاریی دۆزینەوەی ڕووفاتی ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەکەن.
ویتکۆف ڕایگەیاند: بڕوای تەواوی بەوە هەیە، ئاشتی هەر بەدی دێت، جیهان ئارامیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت بۆ نەوەکانی داهاتوو.