کەرکووک .. ئافرەتێک لە تەمەن 124 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

ئافرەتێکی بە چاڵاچووی عەرەب، بەناوی نایلە کە دانیشووی کەرکووکە، لە تەمەنی 124 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.

ئەمڕۆ هەینی، 17ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە یەکەی پزیشکی تەندروستی گشتیی کەرکووک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەو ئافرەت بەساڵاچووەی کۆچی دواییکردووە، لەلایەن کەسوکارەکەیەوە گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام دوای پشنینی، بۆیان دەرکەوتووە کە کۆچی دواییکردووە.

سەرچاوەکەی تەندروستی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: بە گوتەی کەسوکارە نزیکەکانی ئەو ئافرەت، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکردووە.

هەروەها بە قسەی دراوسێکانی ماڵەکە، نایلە لەنێوان دانیشتووانی گەڕەک و دراوسێکانی، جیا لە 124 ساڵەی تەمەنی، بەوە ناسرابوو کە سەرەڕای ئەو پیرییەی هەیەتی، بیرێکی تیژی هەبووە و یادوەرییەکانی وەک خۆی مابوون و تەندروستییەکی باشیشی هەبووە، بەو پێیە ئاگای لە تەندروستی خۆی بووە.

بە گوتە کەسە نزیکەکانی خانەوادەکە، ئەم ئافرەت بەساڵاچووەی کۆچی دواییکردووە، لە عەرەبی ڕەسەنی شارەکە بووە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment