عەبدولخالق تەڵعەت: بە بەرنامە ڕێژەی کورد لە سوپای عێراق کەمکرایەوە

عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزای ئەمنی و سەربازیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە بەرنەما ڕێژەی کورد لە سوپای عێراق کەمکرایەوە، لە کاتێکدا هەمووان بە شیعە و سووننەوە شایەتی ئەوە دەدەن، لە سەردەمی فەریق بابەکر زێباریدا کە سوپا سالار بووە، سوپای عێراق سوپایەکی تۆکمەی سەربازیی هەبووە.
هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزای ئەمنی و سەربازییبە کوردستان24ـی گوت: لە سەرەتای دروستبوونی سوپای عێراق لە ساڵی 1921ـەوە، کورد ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دروستکردنی ئەم سوپایە، زۆرینەی ئەفسەرە باڵاکانی کوردبوون.
دەڵێت: بەگوێرەی دەستوور، دەبێت سوپای عێراق لە هەموو پێکهاتەکان پێکبێت، بەڵام ڕێژەی کورد لە سوپای عێراق سەدا 1 کەمترە، سووننەکانیش ڕێژەیان سەدا 10 کەمترە، ئەمەش بەرنامە بۆ داڕێژراوبوو ی ڕێژەی کورد لە سوپای عێراقدا کەم بکرێتەوە. ئاشکرای کرد، لە شوێنی هەر کوردێکی خانەنشینبووی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان، کەسێکی خۆیان لە شوێنی دادەنایەوە، بەڵام بە شیعە و سووننەکانەوە شایەتی ئەوە دەدەن کە سوپای عێراق ئەو کاتە سوپایەکی تۆکمە بووە کە فەریق بابەکر زێباری سوپاسالاری عێراق بووە، جێی داخە ئەویش بە بەرنامە لادرا.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژە بەوەش دەکات، شەش بڕگەی ماددەی نۆی دەستوور سەبارەت بە هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان پێشێلکراون، لەوانەش کە لە بڕگەیەکدا هاتووە، نابێت هیچ هێزێکی میلیشیایی لە دەرەوەی دەسەڵات بێتە نێو ئەو سوپایە، بەڵام دوای ئەوە دەیان هێزی میلیشیایی دروستبوون و هاتنە نێو سوپاکە.
عەبدولخالق تەڵعەت دووپاتی کردەوە کە، ئەو نوێنەرانەی کورد کە دەچنە پەرلەمانی بەغدا، پێداگربن و ببنە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست، داوای ئەو پۆستانە بکەن کە پێشتر بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و چەسپاوە، ئێمەش خەڵکی زۆر شارەزا و پسپۆر و بەتوانامان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پۆستانە.