ڕامی عەبدولڕەحمان: پێویستە سووریا سوود لە ئەزموونی پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بەوە دەکات، پێکهاتەکانی سووریا متمانەیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەهیچ شێوەیەک متمانەیان بە سوپای سووریا نییە.

دەربارەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی، 17ی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەم بارەیەوە نەکراوە، بەڵکوو لێکتێگەیشتن کراوە، چونکە سوپای ئێستای سووریا تەنیا بەناو سوپایە، هەسەدە قوربانی داوە و لە شەڕی دژ بە داعش ئازایانە شەڕی کردووە.

گوتی: ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە نایانەوێت سووریا دابەشببێت، هەر بۆیە پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، درووز و عەلەوییەکان متمانەیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک متمانەیان بە حکوومەتی ئێستای سووریا نییە، چونکە ئەو سوپایە لە ژمارەیەک گرووپ پێکهاتووە، کە لە لیستی تیرۆر دان.

گوتیشی: نابێت سوپای سووریا، چەکداری وڵاتێکی دیکەی تێدابێت و دەستێوەردانی دەرەکی تێدابێت.

سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، باسی سەردانەکەی دەکات بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، تەواوی پێکهاتە و ئایینەکان بە ئازادی و بەبێ هیچ گرفتێک دەژین.

دەشڵێت: پێویستە سووریا سوود لە ئەزموونی پێکەوە ژیانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment