نوعمان کورتولموش: چیتر دەنگی بۆمببارانکردن و چەکەکان نابیسترێن

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا چووەتە نێو قۆناغێکی نوێوە، پێویستە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوێت، چونکە لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردوو، 50 ساڵ لە وڵاتەکەمان بە شەڕ و کوشتن بەڕێکراوە.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025، لە دیاربەکر ڕایگەیاند: ئەرکی هەموو هاووڵاتییان و چین و توێژەکانی تورکیایە، دادپەروەری و ئاشتی و یەکێتیی لەم وڵاتە بباتە قۆناغێکی نوێوە، هەروەها پێویستە تورکیایەکی ئازاد و دادپەروەر بێتە بنیاتنان.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: لە ناوخۆ و دەوروبەرمان ئاشتی و سەقامگیری زیاتر دروست دەکەین، لە ماوەکانی ڕابردوو هیوایەک دروستبووە و پێویستە هەموومان دەستی پێوە بگرین، چونکە لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا دا 50 ساڵی بە شەڕ و کوشتن بەڕێکردووە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و لە ڕووی ئابوورییەوە، دوو ترلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری وڵاتەکەمان گەیشتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، نامانەوێت جارێکی دیکە خوێن بڕژێت و شەڕ ڕووبدات، تاوەکوو سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەکەی کاری لەسەر دەکەین.

بە دەنگ هەڵبڕینەوە دووجار لەسەر یەک دووپاتیکردەوە" ئەمجارە ئاشتی سەردەکەوێت، ئەمجارە ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت".

نوعمان کورتوملوش، باسی لەوە کرد، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی ڕابردوو لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ئەنجام دراون، هەموویان ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە، با منداڵەکانمان نەخەینە ژێر خاک، بەڵکوو چەک بخرێتە ژێر خاک، هەر بۆیە جارێکی دیکە لە گوند و کوێستانەکانی ئەم وڵاتە و ناوچەیە، دەنگی بۆمببارانکردن نابیستینەوە، بەڵکوو دەنگی برایەتی و گۆرانی برایەتی ببیستین.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، هاوکات سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەرۆکی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانییە، ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای دیاربەکری کردووە و سیاسەتمەدار و هاووڵاتییانی دیاربەکر بە گرنگییەوە دەڕوانە سەردانەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment