بە چەقۆ هێرشکرایە سەر کونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری جددەی سعودیە

پاسەوانێک بریندارە

K24 - هەولێر

هاووڵاتییەکی سعودی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری جددەی سعودیە، لە ئەنجامدا پاسەوانێکی کونسوڵخانەکەی بریندار کرد.

لەکاتیکدا تووڕەیی خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامی لەبەرامبەر چەند جار بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکانی شارلی ئیبدۆی فەرەنسی لەزیادبووندایە، ئەو هێرشە لە سعودیە ئەنجامدرا.

هێرشەکە لەدوای هێرشێکی دیکەی بە چەقۆ دێت، کە بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29-10-2020) لە بەردەم کەنیسەی نۆتر دام لە شاری نیس ئەنجامدرا. ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە سێ کەسی کوشتووە، لەدوای دەستگیرکردنیشی بە برینداری بەگوتەی شارەداری نیس "هەر وشەی ئەڵاهوئەکبەری دووبارە کردووەتەوە".باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە سعودیە بڵاویکردەوە "هێرشبەرەکەی سەر کونسوڵخانەی فەرەنسا لە جددە، بەخێرایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سعودیەوە دەستگیرکراوە، پاسەوانەکەش کە بەسووکی بریندار بووە، ژیانی لە مەترسیدا نییە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە".

پۆلیسی مەککە رایگەیاند، هێرشبەرەکە سعودیە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی پاسەوانە بریندارکراوەکە ئاشکرا نەکرد.

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ریاز بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و داوای لە هاووڵاتییانی فەرەنسی لە سعودیە کرد، زۆر ئاگاداری خۆیان بن.

هیچکام لە بەرپرسانی سعودیە و فەرەنساش، روونکردنەوەیان لەبارەی هۆکارەکانی پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشە نەداوە.

بەڵام هێرشەکە لەکاتێکدایە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەرگریی لەو کەسانە کردووە کە کاریکاتێریان له‌ دژی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروستکردووە و بڵاوکردووەتەوە، ماکرۆن دەڵێ "ئەمە بەشێکە لە ئازادیی رادەربڕین لە فەرەنسا"، ئەمەش بەشێکی زۆری خەڵکی موسڵمانی لە جیهان توڕە کردووە.