لە هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە گوتاری هەینی بۆ کەسانی نابیست دەدرێت

پڕۆسەی پێشکەشکردنی گوتاری هەینی بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستایان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکرێت. لە دوای دەستپێکردنی ئەم کارە لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی لە شارۆچکەی کەلار، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، گوتاری هەینی تایبەت بە نابیستایان لە مزگەوتی "ئاشتی" پێشکەشکرا.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی گوتاری هەینی بۆ نابیستایان لە هەرێی کوردستان فراوانتر دەکەین و لە هەر شوێنێک داوامان لێ بکرێت، بەگوێرەی پێویستی دادەنرێن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە مزگەوتی ڕەوزە لە شاری هەولێر هەموو هەینیەک، کەسێکی شارەزا گوتاری مامۆستا لە ڕێگەی ئاماژەوە بۆ نابیستایان وەردەگێڕیت و پێشوازییەکی زۆری کەسانی نابیستای لێکرایە، چونکە لەسەر داواکاری خۆیان بوو.
هاوکات، ئەمڕۆ هەینی،17ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە مزگەوتی ئاشتی لە شارۆچکەی کەلار وەک دووەم مزگەوت لەسەر تاسەری هەرێمی کوردستان گوتاری هەینی بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستایان وەرگێڕا.
گرنگیدان بە نابیستایان هەر لەچوارچێوەی گوتاری هەینیدا نەبووە، بەڵکوو بۆ یەکەمجار لە جیهاندا ساڵی ڕابردوو لەلایەن کوردێکەوە لە هەرێمی کوردستان بەناوی، یزەددین حامد مستەف قورئانی پیرۆز بە زمانی ئاماژە نووسراوە.