سه‌عدوڵڵا په‌رۆش، شاعیر و نووسه‌ری ناسراوی كوردستان كۆچی دوایی كرد

ساڵی 1950 له‌ هه‌ولێر له‌دایكبووه‌ و خاوه‌نی 6 به‌رهه‌می چاپكراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌عدوڵڵا په‌رۆش، شاعیر و نووسه‌ری دیاری كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/10/2020 به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆچی دوایی كرد.

سه‌عدوڵڵا سه‌عید مام شێخ، ناسراو به‌ سه‌عدوڵڵا په‌رۆش، لە دایكبووی ساڵی 1950ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ ساڵی 1973 له‌ رۆژنامه‌ی برایه‌تی، دەستی بە كاری رۆژنامەوانی كردوە.

ساڵی 1974، په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ كردە، له‌ ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووە، ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد بووە..

ساڵی 2001 بووەتە به‌ڕێوه‌به‌ری رادیۆی ده‌نگی كوردستان، دواتریش وه‌ك راوێژكار له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بەردەوام بووە.

6 به‌رهه‌می شیعری به‌ كوردی و عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌نەته‌وه‌

به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كان:

- كۆشی ئارام

- اللعنة – به‌ عه‌ره‌بی

- شه‌وانی ته‌نیایی

- ناسنامه‌ی با

- نه‌فرین

- ئه‌زموون.. به‌خشش.. به‌رده‌وام بوون

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد:

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی كۆچی دوایی شاعیری ناودار و سەرۆکی پێشووی لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد کاک سەعدوڵڵا پەرۆش ڕادەگەیەنین، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/١٠/٢٩ بەھۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە چووە بەر دلۆڤانیی خوا. سەعدوڵڵا پەرۆش نەک ھەر شاعیرێکی ناسراو بوو بەڵکوو بەشێکی ژیانی لە ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێیش بردە سەر و لەڕێزی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا ڕۆڵی دیاری ھەبوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆستانی دەکەین.
یەکێتیی نووسەرانی کورد
لقی ھەولێر
٢٠٢٠/١٠/٢٩

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری:

خانەوادەی بەڕێزی شاعیری ناسراو (سەعدوڵڵا پەرۆش)
 هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری ناسراو (سەعدوڵڵا پەرۆش) خەمباری کردین.
کۆچکردوو شاعیرێکی زمانپاراو و ڕوناکبیرێکی بەهەڵوێست بوو.
بە ناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان - ەوە ھاوخەمیی خۆمان دەردەبڕین و لە ڕێگەی ئێوەی بەڕێزیشەوە پرسە و سەرەخۆشی لە تەواوی خانەوادە بەڕێزەکەتان، خزمان، دۆستان و سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەین.
گیانی خوالێخۆشبوو ئارام، دواخەم و ناخۆشی بێت .
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
2020/10/29