پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی: بۆنی نانی گەرم دەگەڕێتەوە غەززە

پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی ئاشکرای دەکات، کۆتاییهێنان بە قەیرانی خۆراک لە کەرتی غەززە کاتی دەوێت؛ هاوکات داوای کرد سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی خۆراک و هاوکاریی زیاتر بگەیەنرێتە دانیشتووانی کەرتەکە.
هەینی 17ـی تشرینی یهكهمی 2025، پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، توانیویانە نزیکەی سێ هەزار تۆن خۆراک بگەیننە نێو کەرتی غەززە.
هاوكات عەبیر عوتەیفە، گوتەبێژی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ، گوتی: بۆ ئەوەی بە تەواوی بەرەنگاری برسێتی ببینەوە لە غەززە و کۆتایی بە قەیرانی کەمی خۆراک بهێنێن، بە دڵنیاییەوە کاتێکی زۆر دەخاینەێت.
عوتەیفە ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆگرامەکە بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ گەیاندنی خۆراک و هاوکاریی زیاتر بۆ ئەو خانەوادانەی کە لە غەززە چەند مانگێکە تووشی برسێتی و دەربەدەری بوونە.
گوتەبێژی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی باسی لەوەش کرد، ئێستا پێنج ناوەندیی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سەرانسەری کەرتی غەززە کراونەتەوە، بەڵام لە هەوڵداین بۆ زیادکردنی تا بگاتە 145 ناوەند.
ئاشکراشی کرد، لە ڕۆژی شەممەوە تا ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، نزیکەی 230 بارهەڵگر کە دوو هەزار و 800 تۆن خۆراکیان بارکردبوو، چوونەتە نێو کەرتی غەززە.
عەبیر عوتەیفە، نیگەرانە سەبارەت بەوەی ئەو بڕە خۆراکەی دهگاته نێو کەرتی غەززە هێشتا پێویستی دانیشتووانی کەرتەکە پڕ ناکاتەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە بەم زووانە دەتوانن تەواوی پێویستی دانیشتووانی غەززە لە خۆراک پڕ بکەنەوە.
ئەو گوتەبێژە، لە بارەی بوونی نانەواخانەکان لە کەرتی غەززە، گوتی: تا چوارشەممەی ئەم هەفتەیە نزیکەی نۆ نانەواخانە لە کەرتەکە نانیان بۆ دانیشتووان دابین دەکرد.
جەختی لەوە کردەوە، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، کار دەکات بۆ زیادکردنی ژمارەی نانەواخانە لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆ 30 نانەواخانە.
عوتەیفە، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، بۆنی نانی تازە لە غەززە، لە بۆنی هەموو شتێک خۆشترە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە برسیانە، ئەم بۆنە خۆشەش مانای دووبارە گەڕاندنەوەی ژیان دەدات.
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی، جەختی لەوە کردەوە، پرۆگرامەکە لە هەوڵدایە ناردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا زیاد بکات تا وای لێ بێت نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لە نێوخۆی کەرتەکە لێی سوودمەند بن.