دادگای لاهای تانەی ئیسرائیلی دژی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ ڕەتکردەوە

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) تانەی ئیسرائیلی دژی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەو وڵاتە ڕەتکردەوە.
لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لە بڕیارێکدا کە بووە مانشێتی گەورەی میدیا جیهانییەکان، ڕایگەیاندبوو، 'بیانووی قایلکەر' هەیە، بۆ ئەوەی باوەڕ بکرێت ناتانیاهۆ و گالانت "بەرپرسیارێتیی تاوانکاری"یان هەیە لەسەر تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە.
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ و گالانت ناڕەزایەتیی تووندی ئیسرائیل و ئەمەریکای لێکەوتەوە، دواتر ئەمەریکا سزای بەسەر بەرپرسانی باڵای دادگاکەدا سەپاند. ناتانیاهۆ بڕیارەکەی بە "دژە جوو" ناوبرد، لە کاتێکدا جۆو بایدن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، بە 'فەرمانێکی شەرمەزارکەر' وەسفی کرد.
لە مانگی ئایاردا، ئیسرائیل داوای لە دادگا کرد فەرمانەکان هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا کە تانەیەکی دیکەی لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی دادگاکە پێشکەش کردبوو.دادگا لە 16ـی تەممووزدا ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "هیچ بنەمایەکی یاسایی" نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکان تاوەکو پرسی دەسەڵاتی دادوەری یەکلایی دەبێتەوە.
دوای هەفتەیەک، ئیسرائیل داوای کرد تانە لەو بڕیارە بگرێت، بەڵام دادوەران ڕۆژی هەینی بڕیاریاندا "ئەو پرسە، بەو شێوەیەی ئیسرائیل دایناوە، شایەنی تانەلێدان نییە" و بەم شێوەیە داواکەیان ڕەتکردەوە.
هاوکات، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماسیش دەرکردبوو، بەڵام دوای کوژرانیان، فەرمانەکان هەڵوەشێنرانەوە.