پەرلەمانی پۆرتوگال پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی پەچەی پەسەند کرد

پەرلەمانی پۆرتوگال لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا، پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە داپۆشینی ڕووخسار لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە دەکات، ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی سەرەکی پەچە و پۆشاکی هاوشێوەی کردووەتە ئامانج.

پرۆژەیاساکە لەلایەن پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی "شێگا" (Chega) پێشکەش کراوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوودا بووە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی لە وڵاتەکەدا. پرۆژەکە بە دەنگی پارتی شێگا و لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانیی حکوومەتی ڕاستی ناوەند و لیبراڵەکان تێپەڕێندرا، لە کاتێکدا پارتە چەپڕەو و کۆمۆنیستەکان دژی وەستانەوە.

بەگوێرەی یاسا پێشنیازکراوەکە، هەرکەسێک سەرپێچی بکات، سزای دارایی دەدرێت لە نێوان 200 بۆ چوار هەزار یۆرۆدایە. هەروەها ناچارکردنی هەر کەسێک بۆ پۆشینی پەچە، دەکرێت سزای تا سێ ساڵ زیندانیکردنی بەدواوە بێت.

پارتی شێگا ئامانجی پرۆژەیاساکەی بە "پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان" و "ڕێگریکردن لە گۆشەگیری و کەمکردنەوەی پێگەیان" وەسف کردووە. ئەندریا نێتۆ، پەرلەمانتار لە پارتی سۆسیال دیموکراتی دەسەڵاتدار، ڕایگەیاند: "ئەمە پرسێکی پەیوەستە بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاوەوە. نابێت هیچ ژنێک ناچار بکرێت ڕووخساری دابپۆشێت".

لە بەرامبەردا، پارتە چەپڕەوەکان ڕەخنەیان لە پرۆژەکە گرت و بە "هەوڵێک بۆ بەئامانجکردنی بیانییەکان و ئەوانەی باوەڕی جیاوازیان هەیە" ناویان برد. ئەوان هۆشدارییان دا لەوەی ئەم یاسایە ببێتە هۆی جیاکاری و پێشێلکردنی ئازادییە ئایینییەکان.

سەرەڕای ئەوەی پۆشینی پەچە لە پۆرتوگال دیاردەیەکی بەربڵاو نییە، بەڵام ئەم پرسە مشتومڕێکی زۆری هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپای ناوەتەوە.

بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە ببێتە یاسایەکی کارپێکراو، پێویستە سەرۆکی پۆرتوگال، مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سۆسا، واژۆی لەسەر بکات. سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، ڤیتۆی بکات یان بۆ پێداچوونەوەی بنێرێت بۆ دادگای دەستووری.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment