ترەمپ بۆ پوتن و زێلێنسکی: هەردووکتان کۆتایی بە جەنگ بهێنن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە، داوای لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "Truth Social" نووسیویەتی: "دیدارەکەم لەگەڵ زێلێنسکی زۆر سەرنجڕاکێش و دۆستانە بوو، بەڵام پێم وت، هەروەک پێشنیازم بۆ سەرۆک پوتنیش کردووە، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم کوشتاریە بهێندرێت و ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت!"
جەختی کردەوە، پێویستە هەردوو لایەنی جەنگ 'بوەستن' و گوتیشی: "با هەردووکیان سەرکەوتن ڕابگەیەنن و شەڕ و کوشتن با بەس بێت."
لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە واشنتن ئێستا داواکارییەکەی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی مووشەکی تۆماهۆکی ئەمەریکی ڕەتکردووەتەوە.
دوێنێ هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکی گفتوگۆ ئامێزدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام داوە و لەگەڵ زێلێنسکی باسی ئەو بابەتە دەکەن. گوتیشی: لە هەنگاریا چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پوتن دەبێت و زێلێنسکیش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێتەوە.
ئاماژەشی بەوەشدا، بۆ ئەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی بێت، پێویستە چەکی تۆماهۆک و چەکەکانی دیکە بدەنە ئۆکرانیا، بەڵام هیوادارە بەبێ ناردنی تۆماهۆک بتوانن ئەو جەنگە کۆتایی پێبهێنن، چونکە ئەو مووشەکە کاولکاری و پێشهاتەی خراپ بە دوای خۆی دەهێنێت.