ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: ئێران ئەمساڵ زیاتر لە هەزار کەسی لە سێدارە داوە

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەزار کەسی لە سێدارە داوە. ئەمەش بەرزترین ئاماری لە سێدارەدراوانی ساڵانەیە لە 15 ساڵی ڕابردوودا کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە تۆمار کرابێت.

ڕێکخراوەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دەستبەجێ لە سێدارەدان ڕابگرن، پەیامێکیشی ئاراستەی وڵاتانی دیکە کردووە، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی تاران.

ئەم ڕاپۆرتە تازەیەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە، پێشتر 29 ئابی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو "لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەی لە سێدارەدراوان لە ئێران، بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتدارانی ئێران، سزای لە سێدارەدانیان وەک پاساوێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بەکار هێناوە، بە تایبەت، لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، تا ئێستا هەشت کەس بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراون.

15ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر بابەک شەهبازی، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سەپاند. ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند "شەهبازی، پێش لە سێدارەدانی لە زیندانێکی تاکەسیدا خرابووە ژێر فشار تاوەکوو بەزۆرەملێ دان بە سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل بنێت."

شەهبازی لە 6 ئایاری ئەمساڵ، لە لایەن دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و پاش کەمتر لە چوار مانگ، سزاکەی جێبەجێکرا.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە لە سێدارەدانی شەهبازی لە راپۆرتەکەی نووسیویەتی: "دادگاکانی ئێران سەربەخۆ نین و بە نادادپەروەرانە، سزای قورسی وەک لە سێدارەدان دەسەپێنن."

هەبا مۆریف، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، سزای لە سێدارەدانی بەهەر بیانوویەک، بە کارێکی قیزەوەن لە قەڵەم دا و دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرچی زووە دەبێت فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکوو لەسێدارەدانی ڕابگرێت و بۆ هەمیشەش سزای لە سێدارەدان لە ئێراندا بسڕنەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە "دەسەڵاتدارانی ئێران، سزای لە سێدارەدانی هەڕەمەکی بۆ سەرکوتکردنی پێکهاتەکانی کورد، ئەفغان و بەلوچ بەکار دەهێنێت. ئێستاش پەخشان عەزیزی، فریاگوزار و ویریشە موردای،  چالاکوانانی سیاسی، لە زیندانەکانی ئێراندان و مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ ئاماژەدان بۆ ڕاگەیەنراوەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، دەڵێت: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئێران 173 هاووڵاتی کورد، 118 هاووڵاتی بەلووچ، 108 هاووڵاتی تورک و 64 ئەفغانی لەسێدارە داون.

هەر لە هەمان ماوەدا، 33 ئافرەت لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. بەمەش، ئێران بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهان تۆمار کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment