خۆپیشاندانی ملیۆنی بە دروشمی "هیچ پاشایەک لە ئەمەریکا نییە" بەڕێوەدەچێت

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ملیۆنان کەس لە نیویۆرکەوە بۆ سانفرانسیسکۆ بەشداریی لە خۆپیشاندان لە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بکەن.

بزووتنەوەی 'نۆ کینگز' خۆپیشاندانەکە ڕێکدەخات لە دروشمەکەشیاندا دەڵێن: "سەرۆک پێی وایە دەسەڵاتەکەی ڕەهایە، بەڵام لە ئەمەریکا، ئێمە هیچ پاشایەکمان نییە و خۆمان ڕادەستی ئاژاوە و گەندەڵی و دڵڕەقی ناکەین."

بریارە ئەمڕۆ شەممە، زیاتر لە دوو هەزار و 700 خۆپیشاندان لە شارەکانی گەورە و بچووکەکانی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، بەتایبەت لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە 'مارۆلۆگۆ' لە فلۆریدا کە پشووەکانی تێدا بەسەر دەبات.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن: پێشبینی دەکەن ملیۆنان کەس بەشداریی بکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، یەکەم ڕۆژی گردبوونەوە کە لەلایەن خودی بزووتنەوەکەوە ڕێکخرابوو و نزیکەی 300 ڕێکخراو لەخۆگرتبوو، ملیۆنان کەس لە هەموو تەمەنەکان گردبوونەوە، ئەمەش بە گەورەترین خۆپیشاندان هەژمار کرا لەوکاتەی دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.

دۆناڵد ترەمپ کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا هەڕەشەی کرد بە هێزێکی زۆر وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە، ئەم هەفتەیە لە کەناڵی فۆکس نیوز گوتی "ئەوان من وەک پاشایەک نیشان دەدەن. من پاشا نیم."

کاربەدەستانی پارتەکەی ترەمپ، ئیدانەی خۆپیشاندانەکانی داهاتوویان کرد و بە تیرۆر وەسفیان کرد.

مایک جۆنسن سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو خۆپیشاندانەی بە "کۆبوونەوەیەکی ڕق و کینە لە دژی ئەمەریکا" وەسف کرد و جەختی کردەوە "گرەو دەکەم کە تیایاندا لایەنگرانی حەماس و ئەنتیفا دەبینن." کە بزووتنەوەی ئەنتیفا لە ئەمەریکایە و بەم دواییانە لەلایەن ترەمپ خرایە لیستی تیرۆرەوە.

گلێن ئیڤی، نوێنەری دیموکراتەکانی میریلاند ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داهاتووی ئەمەریکادا، بۆیە تێدەگەم بۆچی نیگەرانن.

لە بەرانبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانی، دیدری شایفلینگ، بەرپرسی ڕێکخراوی مافە مەدەنی و ئازادییە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا و هاوبەشی ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکەیە گوتی: "ئێمە بێدەنگ نابین."

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment