پاکستان ئاگربەستی شکاند و هەشت یاریزانی ئەفغانستانی کوشت

سەرباری ڕێککەوتنی پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان، هێزی ئاسمانی پاکستان، چەند شوێنێکی لەناو خاکی ئەفغانستاندا بۆمباران کرد.
دوێنێ هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، سەرچاوە میدیاییەکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستان چەند شوێنێکیان لە ویلایەتی پەکتیکا بۆمباران کردووە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی نێوانیانە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوانیان.
لە بەرانبەردا، سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان ڕایانگەیاند "هێزی ئاسمانیی پاکستان بە وردی چەند پێگەیەکەی چەکدارانی 'حافز گوڵ بەهادۆر'یان لە ناو خاکی ئەفغانستاندا بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا 70 چەکدار کوژراون."
ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە "چەکدارانی حافز گوڵ بەهادۆر، سەر بە گرووپی تەحریک تاڵیبانی پاکستانن و لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش دەکەنە سەر پێگە و خاڵەسەربازییەکانی پاکستان."
دواتر، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون.
شەممە، 18ـی تشرینی یەکەم 2025، فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە."
لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."