هاوپەیمانی ناتۆ 'تۆپی' جەنگی دووەمی جیهانی دەداتە ئۆکرانیا

ئاژانسی هەواڵی 'نۆڤۆستی' بڵاویکردەوە، هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان ئەو تۆپانە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دابین دەکەن کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتانی ناتۆ کار بۆ بەتاڵکردنی کۆگاکانیان دەکەن، بەوەی چەکە کۆنەکانیان ڕادەستی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، "لیوای میکانیکی 42ـی هێزەکانی ئۆکرانیا تۆپی هاوتزەری ئەمەریکی 155 ملی جۆری M114A1  یان وەرگرتووە، کە لە ساڵی 1942دا لە خزمەتی سەربازیی بەکار دەهێنرا."

جەختیشیان کردەوە، "بەکارهێنانی ئەم چەکانە لە ئێستادا بێکاریگەرە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە تەکنیکییە کەمەکانی تۆپەکان بە بەراورد بە چەکی مۆدێرن."

سەرچاوەیەک راشیانگەیاندووە، بەم شێوەیە بە ڕزگاربوونی هاوپەمانی ناتۆ لەم چەکانە، وڵاتانی ئەورووپا لە چەکی کۆن ڕزگاریان دەبێت.

ڕووسیا چەندین جار هۆشداری داوە، لەوەی دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕێگری لە یەکلاکردنەوە جەنگ دەکات و وڵاتانی ناتۆ ڕاستەوخۆ دەکێشنە ناو ململانێکانەوە،  کە "یاریی بە ئاگر" دەکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە هەر جۆرە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەبێتە ئامانجێکی شەرعی بۆ ڕووسیا، هاوکات کرێملن جەختی کردەوە، ناردنی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا کاریگەریی نەرێنی دەبێت.

هاوکات دوێنێ هەینی، 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، دوای کۆبوونەوەیان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە و  لەگەڵ زێلێنسکی باسی ئەو بابەتەیان کردووە، گوتیشی: لە هەنگاریا چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پوتن دەبێت و زێلێنسکیش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێتەوە.

ئاماژەشی بەوەشدا، بۆ ئەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی بێت، پێویستە چەکی تۆماهۆک و چەکەکانی دیکە بدەنە ئۆکرانیا، بەڵام هیوادارە بەبێ ناردنی تۆماهۆک بتوانن ئەو جەنگە کۆتایی پێبهێنن، چونکە ئەو مووشەکە کاولکاریی و پێشهاتەی خراپ بە دوای خۆی دەهێنێت.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment