سەرۆک بارزانی: گرنگە زانایانی ئایینی ڕۆڵی زیاتر بۆ خاک و خۆشەویستی نیشتمان بگێڕن

سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت. لە بارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە.
شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئاینەکانی دیكهی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆک بارزانی لە میانی گوتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین.
سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە بەردەوام بێت و پتر بچەسپێت. گوتیشی: پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵنگارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەکبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەنێو دەبرێن.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: ئومێدەوارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە.
لە بارەی گوتاری میانڕەوییەوە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە."
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.
هەروەها سەرۆک بارزانی، پڕ بە دڵ سوپاسی خەڵی کوردستانی کرد کە خۆڕاگر بوون بەرانبەر زوڵمی بڕینی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان. گوتیشی: سەرەڕای ھەموو تێبینییەک، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنمان کردووە.




