به‌غدا.. باندێك به ئاشكرا پاره‌ی له ناوه‌ندێكی دابه‌شكردنی مووچه دزی

له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق به‌تایبه‌تی له ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌و وڵاته‌دا، خه‌ریكه جڵه‌و و كۆنترۆڵی ئه‌منی له ده‌ست ده‌رده‌چێت، به‌تایبه‌تی له ڕۆژانی ڕابردوودا چه‌ندین كرده‌وه‌ی كوشتن و هه‌ڕه‌شه و توندوتیژی تۆمار كراون.
چه‌ك له عێراق هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ده‌ست هێزه فه‌رمییه‌كانه‌وه‌یه، به‌ڵام باڵاده‌ستی بۆ كه‌س و گرووپ و هێزه نافه‌رمییه‌كانه، ئه‌مه‌ش دۆخی ته‌ناهی له ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌و وڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی دیارده‌ی چه‌كداریی كردووه‌ته‌وه و له ئه‌نجامیشدا ڕۆژانه چه‌ندین ڕووداوی نه‌خوازراو ڕوو ده‌ده‌ن و هاووڵاتییانیش باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و حكوومه‌ت و هێزه فه‌رمییه‌كانیش له به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌وسانن و بێ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕۆڵی سه‌ره‌كی خۆیان له پاراستنی ئاسایشی ژیان و گیان و سه‌روه‌ت و سامانی هاووڵاتییان و ده‌وڵه‌ت بگێڕن.
به‌غدای پایته‌خت له بری ئه‌وه‌ی سه‌قامگیرترین و ئارامترین و پڕ ئاسایشترینی پارێزگای عێراق بێت به‌و پێیه‌ی حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی له‌و پارێزگایه‌ن، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕۆژانه له‌و پارێزگایه ڕوو ده‌ده‌ن و تۆمار ده‌كرێن، بووه‌ته نائارامترین شوێن بۆ هاووڵاتییان كه به‌رده‌وام شایه‌تی بینینی ڕووداوگه‌لێكی نه‌خوازراون، ئه‌و ڕووداوانه‌ی ناووبانگیی عێراق و پایته‌خته‌كه‌یان له‌كه‌دار كردووه و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیش ناتوانێت خۆی و هاووڵاتییان و دانیشتووان و سه‌روه‌ت و سامانی گشتی و تایبه‌تیی بپارێزێت.
شه‌ممه، 18ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، سه‌رچاوه‌كان له به‌غدای پایته‌خت بڵاویان كرده‌وه، باندێكی دزیی كه كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوویان له پشته، به ئاشكرا و به به‌رچاوی هێزه ئه‌منییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ناوه‌ند (منفذ)ـێكی دابه‌شكردنی مووچه له ناوچه‌ی یه‌رمووك له به‌غدا و پاره‌یان دزیوه و بۆ شوێنێكی نادیار گواستوویانه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، دزییه‌كه له ناوه‌ڕاستی به‌غدا بووه و ئه‌و بانده توانیویانه 45 ملیۆن دیناری عێراقی بدزن و دوای هه‌ڵاتنیشیان ئینجا هێزه ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته شوێنه‌كه، به‌ڵام تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، ده‌ستبه‌تاڵ ماونه‌ته‌وه و نه‌یانتوانیوه شوێنی بانده‌كه بدۆزنه‌وه و ده‌ستگیریان بكه‌ن.