شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن: ئازادی له‌ سلێمانی به‌ ڕێژه‌ی 90% كه‌مبووه‌ته‌وه‌

شادومان مەلا حەسەن، سەركردە لە بەرەی گەل
شادومان مەلا حەسەن، سەركردە لە بەرەی گەل

لایەنگرانی بەرەی گەل له‌ هه‌ولێر لە بەردەم باره‌گای نەتەوە یەكگرتووەكان گردبوونەوە و داوای یەكلاكردنەوەی كەیسی گیراوانی لالەزاریان كرد و ڕایانگەیاند، لە 22ـی ئابی ئەم ساڵ رەشبگیریی بەرانبەر لایەنگرانیان كراوە.

شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، شادومان مەلا حەسەن، سەركردە لە بەرەی گەل، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر گوتی: ئێمە وەك بەرەی گەل، ناهەقیی زۆرمان بەرانبەر كراوە.

دەشڵێت: بەراورد بە 15 ساڵ پێش ئێستا، ئازادی لە پارێزگای سلێمانی به‌ ڕێژه‌ی 90% کەمی کردووە، هەر بۆیە کاندیدانی بەرەی گەل ناتوانن بانگەشە بکەن و بەردەوام لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگ دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جووڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕووی دا. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
Fly Erbil Advertisment