مه‌سرور بارزانی پێشوازی له بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات
بۆ مانه‌وه‌یان به مه‌به‌ستی پشتیوانی پێشمه‌رگه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ڵمانه‌كان له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان، ئه‌مڕۆ به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریان دا، ماوه‌ی مانه‌وه‌ی سوپاكه‌یان له عێراق بۆ پشتیوانیكردنی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆ ماوه‌ی (15)مانگی دیكه درێژ بكه‌نه‌وه، ئه‌و بڕیاره بووه‌ته جێی بایه‌خی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌ت، "مه‌سرور بارزانی" له رێی تویتێك په‌یوه‌ست به خۆشحاڵی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، پێشوازی له بڕیاره‌كه كرد.
بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به كۆی ده‌نگی (431) په‌رله‌مانتار و نه‌یارێتی (209) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
به گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره، ئه‌ڵمانیا بۆ ماوه‌ی (15) مانگی دیكه و تا رۆژی (31ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022) هێزه‌كانی له عێراق ده‌مێننه‌وه.
دوای بڕیاره‌كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، "هایكۆ ماس" رایگه‌یاند، هێشتا مه‌ترسی داعش له ناو نه‌چووه. شانه نووستووه‌كانی له عێراق و سووریا به‌رده‌وامن له ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی. هه‌ر بۆیه گرنگه هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا رۆڵی خۆیان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بگێڕن.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ دژایه‌تی داعش له (2014) درووستیكردووه، 500 سه‌رباز و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له عێراقدا ئه‌ركه‌كانیان راده‌په‌ڕێنن.
درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له عێراق له كاتێكدایه، له هه‌ندێك ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی عێراقدا به تایبه‌تی له سنووری پارێزگاكانی (سه‌لاحه‌ددین، دیاله، نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك) داعش ده‌ستی به جموجووڵ و ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی كردووه‌ته‌وه.

هاوكات له به‌غدا و له ریزی لایه‌نه چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی داوای ده‌رچوونی هێزه بیانییه‌كان رۆژ له دوای رۆژ زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێم له‌و بڕوایه‌دایه، مانه‌وه‌ی سوپای هاوپه‌یمانان رۆڵێكی گرنگی ده‌بێت له رێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردوودا له چه‌ندین بۆنه‌دا به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم رایانگه‌یاندووه.
هاوكات ئه‌مڕۆ، "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كدا "جۆیین"ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا "هایكۆ ماس"ی كرد و رایگه‌یاند، "ئێمه پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین".
"مه‌سرور بارزانی" رۆڵی ئه‌ڵمانیا و سوپاكه‌ی له شه‌ڕی دژ به داعش بیرهێنایه‌وه و له ستایش و په‌سندی رۆڵی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیادا گوتی: "ئه‌ڵمانیا رۆڵێكی میحوه‌ری گێڕاوه له شه‌ڕی دژ به داعش و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له رووی راهێنان و مه‌شقی سه‌ربازییه‌وه".

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، ساڵی رابردوو، دوای مشتومڕێكی زۆر له (29ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2019) بڕیاری دا، بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق درێژ بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ راهێنانی پێشمه‌رگه و سوپا بڕه‌خسێنرێت.
ئه‌مساڵ نزیكه‌ی (140) سه‌رباز و راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له هه‌ولێر به‌رده‌وام بوون له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان و راهێنان به پێشمه‌رگه.
ساڵی رابردوو، سایتی "دوێتچه‌ڤێله"ی ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه، كه وه‌زاره‌تی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی، له سه‌ره‌تای شه‌ڕی دژ به داعشه‌وه، (20) هه‌زار چه‌كی ئۆتۆماتیكی، (400) چه‌كی مووشه‌ك و (1200) مووشه‌كی دژه تانك و ملیۆنان فیشه‌كی پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه كردووه.