سەرۆک بارزانی: پێویستە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بە پێی دەستوور ڕێک بخرێت

سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن دوای هەڵبژاردن لە بەغدا لەگەڵ ئەو لایەنانە کار بکەن کە ئامادەیی و تێگەیشتنیان هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان. گوتیشی: پێویستە بە پێی دەستوور پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕێک بخرێت نەک بە میزاج.
شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئایینەکانی دیكهی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو.
"سەرەڕای ھەموو تێبینییەک، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنمان کردووە"
سەرۆک بارزانی لە دەستپێکدا، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، خۆشحاڵی خۆی بە بەشدارییان دەربڕی، هاوکات لە بارەی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردن دەرفەتێکی باشە بۆ هەموو گەلێک بتوانێت بە ئازادیی دەنگ بدات، بەڵام بە داخەوە لە عێراق دەستوەردانێکی زۆر دەکرێت.
جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای ھەموو تێبینییەک، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنمان کردووە.
سەرۆک بارزانی داوای لە حزبەکانی هەرێم کرد بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بکەن. گوتیشی: داوام لە پارتییەکانیش کردووە ئەگەر پۆستەرەکانتان دڕێندرا هەڵ نەچن و وەڵام نەدەنەوە، هەروەها ئەگەر قسەشتان پێ گوترا وەڵام نەدەنەوە.
سەرۆک بارزانی باسی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردسان کرد و ڕایگەیاند: کوردستان شوێنی هەمووانە. جێی شانازییە فەرههنگی پێکەوەژیان لە باب و باپیرانەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە، هەموومان پێکەوە دەتوانین خزمەتی ئەم وڵاتە بکەین، هەموو ئایینەکان لە ماف یەکسانن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیان نییە، هیوادارم ئەم فەرهەنگە بەردەوام بێت و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بچەسپێت.
"ئەو ستەمەی لە ڕابردوو لە کوردستان کرا، لە هیچ وڵاتیک نەکراوە"
لە بارەی ئەو پیلانانەی کە دژی هەرێمی کوردستان دانراون، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، پیلانی زۆر لە دژی ئەم هەرێمە دروست بووە، نەک ئێستا بەڵکوو لە ڕابردووشدا، لەوەتەی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە نە وڵاتەکە نە ئێمە وەک کورد و کوردستان ئیسراحەتمان تێیدا نەکردووە، چونکە ئەو بنەمایەی کە ئەو دەوڵەتەی لەسەر دامەزراوە، جێبەجێ نەکراوە.
زیاتر گوتی: ئەو ستەمەی لە ڕابردوو لە کوردستان کرا، لە هیچ وڵاتیک نەکراوە، هیچ وڵاتێک نییە لە دونیا حکوومەت کیمیایی بەکار بهێنێت لە دژی میللەتی خۆی، ئەوه تەنیا لە عێراق کراوە ئەویش دژی خەڵکی کوردستان بووه.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی باسی لە ماددەی هۆشبەر کرد و گوتی: "دانانی پیلانی دژ بە کورد نەوستاون و بەردەوامییان هەیە، لە ڕابردوو بە کیمیاباران و وێرانکردنی دێهات بووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی دیکەیە بەوەی گەنجانی ئێمە تووشی ماددەی هۆشبەر بکەن بۆ ئەوەی بیری نەتەوایەتییان نەهێڵن، بۆ ئەوەی بڕوابەخۆبوون لەنێو تاکی کورددا نەهێڵن ئەمەش زۆر لە ئەنفال ترسانکترە".
لە بارەی گوتاری میانڕەوییەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە."
"زۆرێک لە وڵاتان ئیرەیی بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەبەن"
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ناڵێم حکوومەتی هەرێم بێ کەموکووڕییە، بەڵام خزمەتێکی زۆری کردووە بە تایبەت لە سێکتەری ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان و ئەمن و ئاسایش، زۆرێک لە وڵاتی دیکە ئیرەیی بە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبەن.
سەرۆک بارزانی باسی لە پرسی ئاو کرد و ڕوونی کردەوە، کارەسات و کێشەی هەرە گەورەی چەند ساڵی داهاتوو پرسی ئاوە، لە ئێستاوە پلانی دروستکردنی بەنداو لە زۆرینەی شوێنەکان هەیە، ئەم شتانە هەموو حیسابی بۆ کراوە.
"پێویستە بە پێی دەستوور پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕێک بخرێت نەک بە میزاجی کەسی"
لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن دوای پرۆسەکە لە بەغدا لەگەڵ ئەو لایەنانە کار بکەن کە ئامادەیی و تێگەیشتنیان هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
گوتیشی: پێویستە بە پێی دەستوور پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ڕێک بخرێت نەک بە میزاجی کەسی.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، بەغدا کارتی مووچەی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە، کە ئێش و ئازارەکانی لە ئەنفال و کیمیاباران زۆرتر بوو. لەمەش ناخۆشتر دوو ڕۆژ پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا زنجیرەیەک تۆمەتی ئاراستەی حکوومەتی هەرێم کرد و ڕایگەیاند کە ئیدی مووچە نییە.
هەروەها سەرۆک بارزانی، پڕ بە دڵ سوپاسی خەڵی کوردستانی کرد کە خۆڕاگر بوون بەرانبەر به زوڵمی بڕینی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان.
دەشڵێت: بەغدا وای دەزانی ئەگەر مووچە نەنێرێت خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕادەپرێت و بارودۆخەکە تێکدەچێت، بەڵام خەڵکی کوردستان ئەوەی نەکرد و خۆڕاگر بوو بۆیە سوپاسیان دەکەین.
"ستەم و ئاستەنگی هەمیشە لە لایەن بەغداوە کراوە، نەک لە لایەن هەرێمەوە"
لە بارەی خەبات و شۆڕشەکانی کوردستان سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ڕاستە مووچە هەقە و مافە، بەڵام بۆ مووچە خەبات و شۆڕش نەکراوە و شەهید نەدراوە، بەڵکو بۆ ئەوەی بوو ئێمە شەریک بین و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچێت و بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو.
دووپاتیشی کردەوە، ستەم و ئاستەنگی هەمیشە لە لایەن بەغداوە کراوە، نەک لە لایەن هەرێمەوە.
سەرۆک بارزانی لە بارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، دەڵێت: شتێکی ناخۆشە کە دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا حکوومەت پێک نەهاتووە، داوامان کرد حکوومەتی بنکەفراوان پێک بێت، بەڵام جگە لە پارتی و یەکێتی لایەنەکانی دیکە بەوە ڕازی نەبوون.
ئاشکراشی کرد، پارتی و یەکێتی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومەت ڕێککەوتوون، ئومێدەوارم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كابینهی نوێی حكوومهتی ههرێمی كوردستان پێک بهێنرێت.