پوتن: بەمەرج جەنگ ڕادەگرم

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی نوێی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئاشکرا کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە لە دوو بەرپرسی باڵای ئاگادار لە گفتوگۆکەوە وەریگرتووە، پوتن وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، داوای کردووە ئۆکرانیا دەستبەرداری تەواوی هەرێمی دۆنێتسک بێت، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکان، ڕایانگەیاندووە، جەختکردنەوەی پوتن لەسەر دۆنێتسک نیشانەی ئەوەیە لە داواکارییەکانی پێشووی پاشەکشە ناکات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو گەشبینییەیە کە ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیەتی.

لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە دۆنێتسک، پوتن ئامادەیی خۆی نیشانداوە، هێزەکانی ڕووسیا لە بەشێک لەو ناوچانەی هەرێمەکانی زاپۆریژیا و خێرسۆن بکشێنێتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵیدان. هەرچەندە ئەمە کەمترە لە داواکارییەکانی پێشووتری ڕووسیا، بەڵام دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەورووپی بە ڕۆژنامەکەی وتووە: "پێموانییە ئۆکرانییەکان ئەمە بە پێشکەوتن بزانن".

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا ئەم پێشنیازەی پوتن وەک "پێشکەوتنێک" دەبینن. هەروەها دەرکەوتووە کە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی ترەمپ، لە میانی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیدا فشاری خستووەتە سەر شاندی ئۆکرانیا بۆ قبوڵکردنی دەستبەرداربوون لە دۆنێتسک.

ڕۆژی هەینی ترەمپ لە کۆشکی سپی میوانداریی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای کرد. لە دیدارەکەدا جیاوازیی ڕوانگەکان بە ڕوونی دەرکەوتن:

ترەمپ: پێی وابوو "سەرۆک پوتن دەیەوێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت،" هەرچەندە دانی بەوەشدا نا کە "ڕەنگە هەوڵی کڕینی کات بدات."

لای خۆیەوە زێلێنسکی جەختی کردەوە سەرۆکی ڕووسیا "ئامادەی ئاشتی نییە" و مۆسکۆ بەدوای درێژەدانە بە "داگیرکاریی" وڵاتەکەیدا.

سەبارەت بە داواکاریی ئۆکرانیا بۆ وەرگرتنی مووشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆک، ترەمپ ڕایگەیاند، "پێشوەختە" ئەم مووشەکانە بە ئۆکرانیا نادرێن و هیوای خواست پێشتر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕووسیادا بکرێت. سەرۆکی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئامادەیی سوپای وڵاتەکەی دەربڕی و گوتی بەردەوامیی یارمەتییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر تواناکانی بەرگریی ئەمەریکا هەبێت.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەک لە شاندی ئۆکرانیا ئاشکرای کردووە، زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکەیدا نەخشەی ئەو ئامانجانەی پیشانی ترەمپ داوە کە ئەگەر مووشەکیان پێبدرێت، دەتوانن لەناو خاکی ڕووسیادا بیکەنە ئامانج.

 
 
Fly Erbil Advertisment