لە ژاپۆن ئافرەتێک لە پۆستی سەرۆک وەزیران نزیک دەبێتەوە

ئاژانسی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی ڕایگەیاند، هەردوو "پارتی لیبراڵ دیموکرات" و "پارتی داهێنان (ئیشین)" گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانی.
ڕۆژی یەکشەممە 19ی ئۆکتۆبەری 2025 ئاژانسی "کیۆدۆ" ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بۆ سانای تاکایچی، سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات، خۆشدەکات بۆ ئەوەی ببێت بە یەکەم ئافرەت کە لە مێژووی ژاپۆندا پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت.
ئەم هاوپەیمانییە لە دوای گفتوگۆی چڕوپڕ هات، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوپەیمانی پێشوو لەگەڵ پارتی "کۆمیتۆ" هەڵوەشایەوە و پارتەکە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەدەستدا. ئەم دۆخەش وایکردووە پاڵپشتی پارتی ئیشین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ یەکلاییکەرەوە بێت.
پێشبینی دەکرێت لە 21ی ئۆکتۆبەردا، دەنگدانی کۆتایی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بەڕێوەبچێت و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان تاکایچی پێشینەیەکی مێژوویی لە سیاسەتی ژاپۆندا تۆمار دەکات.
سانای تاکایچی تەمەن 64 ساڵ، بە یەکێک لە نزیکترین لایەنگرانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی کۆچکردوو"شینزۆ ئابێ"دادەنرێت. ئەو خاوەنی بیروڕای پارێزگارانەیە و هەمیشە داوای بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ژاپۆن دەکات.
سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس پێشبینی سەرکەوتنی ساناییان دەکرد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پارتی لیبراڵ دیموکرات بۆ ساڵی 2024، بەڵام لە دوا ساتدا شیگێرۆ ئیشیبا لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت و بوو بە سەرۆک وەزیران.
هەروەها تاکایچی سزای ڕووسی لەسەرە کە وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی تۆکیۆ بەسەری سەپێنراوە. ناوبراو لە 4ی ئایاری 2022دا خراوەتە نێو لیستەکە، کە لەو کاتەدا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سەرەکیی سیاسەتەکانی پارتی لیبراڵ دیموکراتی دەکرد.