لە ورمێ بەهۆی وشکەساڵییەوە باخدارەکان زیانمەند بوون

ملیۆن نەمامی لێ بەرهەم دێت و بەرهەمی نەمامی ئەم پارێزگایە جیا لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چوار وڵاتی دیکەش هەناردە دەکرێت. سەرما و بەفری لەناکاو لە وەرزی بەهار و کەمئاوی و بێبارانی لە وەرزی هاوین و پاییزدا، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەمامگەکانی ئەم پارێزگایە و زیانێکی زۆری بەم کەرتە گەیاندووە. خاوەن نەمامگەکان دەڵێن سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکانیان بیمە کردووە و تێچوویەکی زۆریان بۆ داوە، هیچ قەرەبوویەکیان بۆ زیانەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

نزیک مانگێک بەسەر وەرزی پاییزدا تێپەڕیوە و جووتیاران و باخداران و خاوەن نەمامگەکانی پارێزگای ورمێ هێشتا چاوەڕێی یەکەم بارانی پاییزین. بەهاری ئەمساڵ شەپۆلێکی بەفر و سەرما ئەم ناوچەیەی گرتەوە و زیانێکی زۆری بە جووتیاران و خاوەن باخەکان گەیاند. دواتریش هاوینێکی وشک و بێباران و کەم ئاوی لە ناوچەکە، درەنگ کەوتنی بارانی پاییزی، زیانەکانی چەند ئەوەندە زیاتر کردووە.

واحید پەروانە وەتەن، ئەندازیاری کشتوکاڵ و خاوەنی نەمامگەکە بە کوردستان24 دەڵێت: بەداخەوە ئەمساڵ لە شاری شنۆ سەرمایەکی بە‌هێز ڕووی تێکردین، هەر لەبەر ئەوە هەرچی باخدار هەیە زەرەرمەند بووە. جگە لە سەرماش تووشی گرفتی کەمئاویش بووینەتەوە، هەر بۆیە زۆرێک لەبەرهەمەکانمان کەمتر هەناردە دەکەین.

خاوەن باخ و نەمامگەکانی شاری شنۆ هەموو ساڵێ لە وەرزی بەهاردا باخ و نەماگەکانیان بیمە دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر زیانێکیان بەرکەوت بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆریان بۆ کۆمپانیاکانی بیمە داوە، دوای  ئەو زیانە زۆرەی ئەمساڵ تووشیان بووە، ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.

عەبدوڵڵا کەریمی، خاوەن نەمامگە دەڵێت: ئەمساڵ ناوچەکەمان تووشی گرفتی کەمئاوی و سەرمایەکی بەهێز و وشک بۆیەوە. من و هەموو خاوەن نەمامگەکان هەموو ساڵێک بیمە دەکەین، حکوومەتیش دەڵێت بیمەی کە و زیانی بیمەکەت بۆ دەگەڕێنینەوە، تا ئێستا هیچ بیمەیەکمان بۆ نەگەڕاوەتەوە و هیچ لایەن و ئیدارەیەکیش پشتیوانی ئەو بیمەیە ناکەن.

پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 90  نەمامگەی خاوەن مۆڵەتی لێیە کە ساڵانە نۆ ملیۆن نەمامیان لێبەرهەم دێت و ئەمەش پارێزگای ورمێی کردووەتە یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی نەمام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بەرهەمی نەمامگەکانی ئەم پارێزگایە جیا لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆماری ئازەربایجان، ئەفغانستان تاجیکستان و ئەرمینیاش هەناردە دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment