کۆمیسیۆنی باڵا هۆشداریی دەداتە کاندیدانی سەرپێچیکار

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هۆشداری دا لەوەی سزای پێبژاردن لە نێوان دوو بۆ 10 ملیۆن دینار بەسەر ئەو کاندیدانەی کە سەرپێچی ڕێساکانی هەڵبژاردن دەکەن دەسەپێنرێت، لەگەڵ ئەگەری بێبەشکردنی ئەو کاندیدەی تێوەگلاوە لە کڕینی کارتی دەنگداندا.
حەسەن سەلمان، ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "کۆمیسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوانەش بەدواداچوون بۆ دۆسیەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی پەیڕەوی ژمارە (4) بۆ ڕێکخستنی بانگەشەی کاندیدەکان."
حەسەن سەلمان ئاماژەی بەوەشکرد، “لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، نزیکەی 400 پێشێلکاری بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و حزب و هاوپەیمانییەکانەوە کراوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دانانی ڕیکلامەوە هەبووە لە شوێنە دیارینەکراوەکان یان بەکارهێنانی شوێنی کارکردنیان"، گوتیشی: “ئەو سزایانەی سەپێندراون پێبژاردن بووە کە لە نێوان دوو بۆ 10 ملیۆن دینار دایە، بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە سزاکە زیاتر دەبێت تا دەگاتە بێبەشکردنی کاندیدەکە."
ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆن ڕاشیگەیاند، "هەوڵدان بۆ کڕین یان لەناوبردنی کارتی دەنگدەران وایکردووە کۆمیسیۆن بە هاوکاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکات کە پەیوەندییان پێوە هەیە.
بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت.