حەماس وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی پێشێلکارییەکانی بزووتنەوەکەیان بەرانبەر بە دانیشتووانی کەرتی غەززە و ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، ڕەتدەکەنەوە.
یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، ئەم پڕوپاگەندانە بە تەواوی لە گەڵ ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە کە لە بەرانبەر حەماس و گەلی فەڵەستینی دەگوترێت، ئەمەش بەردەوامی بە داگیرکاریی و هەستی دوژمنکارانە دەدات لە بەرانبەر گەلەکەمان.
حەماس داوا لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکات چیتر گوێ لەو تۆمەتانەی ئیسرائیل نەگرێت کە بەردەوام لە بارەی پێشێلکارییەکانی غەززە لە لایەن حەماسەوە، دەیدەن بە گوێی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە بە ووردی سەرنجی ئەمەریکا لە سەر ئەو پێشێلکارییانە بێت کە کاریگەریان لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل وحەماس دەبێت و بەردەوام دووبارە دەبنەوە، دەشڵیت: دیارترینیان ئەو گرووپە چەتانەن کە ئیسرائیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا داڵدەی داون و پاڵپشتیان دەکات، ئاماژەی بەوەشدا، هەر ئەوانەن هاووڵاتیانی فەڵەستنی دەڕفێنن و دەیانکوژن، هاوکات بارهەڵگری هاوکارییەکانی غەززە دەدزن و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی حەماس لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، چەند ڕاپۆرتێکی باوەڕپێکراویان لە بەردەستە کە ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس دەکات بەرانبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەگەری بەردەوامی تاوانەکانی حەماس دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی کەرتی غەززە، ئەوا پلان و ڕێکاری تایبەتیمان دەبێت بۆ پاراستنی دانیشتوانی ناوچەکە و پارێزگاریکردن لە پرۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە.