زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی بەسەر هێزەکانی یەکەی 70 و 80 دابەشدەکرێت

بەرپرسی بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی بە پێدانی زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی یەکەی 70 و 80 نیشانداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر پێدانی شەش هەزار و 300 پارچە زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە نیشان داوە، کە هەموویان سەر بە یەکەکانی 70 و 80ـن. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوانەی کە بە لیست هاتوونەتەوە، بە گوێرەی کارتی زانیاری، شوێنی نیشتەجێبوون و بە پێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیا دەکرێنەوە، لە لایەن شارەوانییەوە نووسراویان بۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی شارەوانییە پەیوەندارەکان دەکرێت بە مەبەستی تەرخانکردنی زەوی بۆیان. 

باسی لەوەش کرد، مەرجی پێدانی زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی مەرجی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێت سوومەندبووەکە خزمەتی کەمتر نەبێت لە هەشت ساڵ، هاوکات نابێت پێشووتر سوودمەند بوبێت، ئینجا پارچە زەوییەکی 200 مەتری پێدەدرێت. 

سەربەست مەولوود، ڕوونیشێ کردەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 88 هەزار فەرمانبەر لە سەرجەم وەزارەتەکان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی پێدانی زەویان بۆ دەرکراوە، گوتیشی: پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. 

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment