مەسرور بارزانی: بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە و گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و ئێوەی بەڕێز و خۆمان دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژە نایابە کە بێگومان خزمەتێکی زۆری خەڵکی کوردستان دەکات.

دەستخۆشی لە کۆمپانیای (هێمن گرووپ) و بەڕێز خالید خۆشناو دەکەم کە جارێکی تریش سەلماندیان خەمخۆری ئەم گەلەن و توانییان ئەم پرۆژەیە بە باشترین شێوە و لە کاتێکی زۆر کورتدا جێبەجێ بکەن.

ئەو ئەندازیار و هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمپانیای (هێمن) کار دەکەن، بە دڵسۆزییەوە شەو و ڕۆژ کاریان لەسەر ئەم پرۆژەیە کرد کە ئەمڕۆ دەیبینن تەواو بووە.

دوای ساڵێک کە بەڵێنمان دا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەکەین، ئێستا لێرەین کە بڵێین جارێکی تریش بەڵێنێکی تریشمان جێبەجێ کرد.

سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی کە بۆ ئابووریی کوردستان و پێشخستنی کوردستان دروست کران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان، بەرانبەر بە هەموو جیهان کە پێیان بڵێین: ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری دڵسۆز هەبن، هیچ شتێک مەحاڵ نییە. ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەیە کە ئێستا دەیبینن.

من جارێکی تر دەستخۆشی لە هێمن گرووپ دەکەم و پیرۆزباییش لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم. هیوادارم ئەم پرۆژەیە بکەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، چ ئەوانەی هاتوچۆی پێدا دەکەن، یانیش بۆ مەرامی گەشتوگوزاری سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن.

ئەم دووسایدە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر کە لە شاری هەولێرەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەم بەشەی کە ئێستا ئێمە ئامادەین لێی، دووسایدی سماقووڵی - گۆمەسپان کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپانیش دەسووڕێتەوە، ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ئاسانکاریی هاتووچۆ بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرانە دەکات. لە لایەکی ترەوە ئاسانکاری دەکا و یارمەتیدەر دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، بە تایبەتی کە شەقامی لەم ئاستە و بەم جۆرە دروست دەکرێت، بێگومان ڕووداوی هاتوچۆش کەمتر دەبن و دەبینین کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی کە شۆڕشی دروستکردنی ڕێگەوبان لە کوردستان دەست پێکراوە، دەبینین کە ڕووداوی هاتوچۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.

من داوا لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست دەکەم، هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم کە ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن. ئەو ڕێنماییانەی کە لە وەزارەتی ناوخۆ و لە پۆلیسی هاتوچۆ دەردەچن، هەمووی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییانە، بۆ خۆتان و بۆ هاووڵاتییانی تریش هەوڵ بدەن کە ئەو ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن و هەم خۆتان و هەم خەڵکی تریش بپارێزن.

داوایەکی تریشم هەیە لە هەموو خوشک و برا بەڕێزەکانم، کوردستان وڵاتێکی جوانە و ئەم جۆرە پرۆژانەش بێگومان جوانتری دەکەن، بەڵام زۆریشی لەسەر خۆمان ماوەتەوە کە ئەم جوانییە بپارێزین و بە پاکی ڕابگرین. من چەندین جار داوام کردووە لە هەموو خوشک و برایانی بەڕێز کە ژینگە بپارێزن، پاکوخاوێنیی ئەم وڵاتە بپارێزن، کوردستان ماڵی گەورەی ئێمەیە، ئەرکی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بە جوانی ڕایانبگرین. سەرەڕای ئەو هەموو بانگەوازییە، بەڵام دیسانیش دەبینین کە هەندێک کەسی نابەرپرس بەداخەوە گوێ بە ژینگەپارێزی نادەن.

جارێکی تر هیوادارم و داوایان لێ دەکەم کە ژینگە بپارێزن، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمیش ڕادەسپێرم کە ئەوان پێویستە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ هەر کەسێک کە ڕێز لە خاکی ئێمە ناگرێ، لە ژینگەی ئێمە ناگرێ، لە وڵاتی ئێمە ناگرێ، تا چیتر چاوپۆشییان لێ نەکرێ و ئەو کەسانەی کە ژینگە پیس دەکەن، ڕووبەڕووی یاسا و سزای یاسایی بکرێنەوە. هیوادارم کەس ناچار نەبێت کە ڕووبەڕووی یاسای سزادان ببێتەوە بۆ پیسکردنی ژینگە، هەموویان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە خەڵکانێک هەبن کە ڕێزیان بۆ وڵاتەکەی ئێمە نەبێت، بۆ خۆیان نەبێت، ئێمەش بێگومان ناچار دەبین ئەو وەختە ڕێکاری تر بگرینە بەر.

ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر، ماستەرپلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ ئەوەی ئەم شوێنە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ کە خەڵکی هەولێر و خەڵکی هەموو کوردستان سوودی لێ وەربگرن و خەونی ئێمەش ئەوەیە کە کوردستان بە تێکڕا ببێت بە شوێنێک کە هەم هاووڵاتییانی کوردستان لێی سوودمەند بن، هەم ئەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن چ لە عێراق، چ لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی، یانیش لە دەرەوە کە بێن و ئەم ناوچە گەشتیارییە جوانانەی هەرێمی کوردستان کە دەبینن، ئەوانە هەم خۆیان سوودیان لێ وەربگرن، هەم خەڵکی ئەم دەڤەرانە بتوانن لە ڕووی گەشتیارییەوە، لە ڕووی بووژانەوەی ئابوورییەوە سوودمەند بن لە هاتنی گەشتیارەکان.

بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لەم ناوچەیە و لە ناوچەکانی تریش، چەندین پرۆژەی تریشمان بەدەستەوەیە و ئینشائەڵا ئەوانیش لە کاتێکی زوودا بگەنە ئەنجام و هەموویان بکەونە خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.

من جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم و باوەڕ بکەن زۆر زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم ئەم جۆرە پرۆژانە یەک بە یەک تەواو دەبن، ئینشائەڵا کوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت و ئێوەش هەر ساخ و سەلامەت بن.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment