سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فێستیڤاڵی پایزەی پیرمام بەسەر دەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی فێستیڤاڵی پایزەی پیرمام بەسەر کردەوە.
گەورەترین فێستیڤاڵی پایزە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری جووتیاریانی هەرێمی کوردستان، لە شارۆچکەی پیرمام بەڕێوە دەچێت، لە فێستیڤاڵەکەدا، نزیکەی 40 کابینەی جیاواز بۆ جووتیاران دابین کراوە تاوەکوو بەرهەمەکانی خۆیانی لێ نمایش بکەن.
فیستیڤاڵەکە نیشانەی پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناخۆیی. ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە سەبەتەیەکی خۆراک نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکوو بەرهەمی جووتیارانی کوردستان ڕەوانەی وڵاتانی جیهانیش دەکرێت.
هاوکات پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، حامد ئیسماعیل، قایمقامی پیرمام، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕاگەیاند، بۆ یەکەمین جار "فێستیڤاڵی پایزەی پیرمام" ساز دەکرێت و شوێنی فێستیڤاڵەکەش لە بەردەم بەنداوی گۆمەسپان دەبێت.
قایمقامی پیرمام ئاماژەی بەوەشکردبوو، فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2025، دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "ئەگەر ببینین ژمارەی سەردانیکەران زۆرە، ئەوا ماوەکەی درێژ دەکەینەوە."
حامد ئیسماعیل گوتیشی: "زیاتر لە 40 کابینە بۆ جووتیاران تەرخان کراوە تا بەرهەمە خۆماڵییەکانیان نمایش بکەن، کە بەرهەمە کشتوکاڵی و شیرەمەنییەکانیش لەخۆدەگرێت."