نەتەوە یەکگرتووەکان: حووسییەکان 20 کارمەندی ئێمەیان دەستگیر کردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند حووسییەکانی یەمەن لە لە باشووری ڕۆژئاوای سەنعا هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگایەکیان و 20 کارمەندی ئەو ڕێخراوە نێودەوڵەتییەیان دەستگیر کردووە.
یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، جین عەلەم، گوتەبێژی ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاند، حووسییەکانی یەمەن لە حەددا لە باشووری ڕۆژئاوای سەنعا هێرشێکی لەناکاوییان کردووەتەوە سەر بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گوتیشی: لە هێرشەکەدا 5 هاووڵاتی یەمەنی و 15 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیر کراون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان، حووسییەکان 11 کارمەندییان ئازاد کردووە، دەشڵێت: نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئەو گرووپە و پارتەکانی دیکە لە پەیوەندی دا بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو دۆخەی یەمەن چارەسەر بکەن و چیتر هیچ کارمەند و کەسێک دەستگیر نەکرێت.
هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ئاژانسەی گوتووە، حووسییەکان هەموو ئامێرە پەیوەندییەکان و کۆمپیوتەری نێو بارەگایەکەیان بردووە.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا حووسییەکان دەیان کەسییان دەستگیر کردووە لە نێوانیاندا زیاتر لە 50 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، هاوکات ئەم ساڵ کارمەندێکی ئەو ڕێکخراوەکە لە کاتی دەستگیر کرد گیانی لە دەستدا بوو.
پێشتر حووسییەکان چەندین جار ئەو کارمەندە نێودەوڵەتییانەی بە سیخوور ناو بردوون؛ لای خۆشییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حووسییەکان هەشت کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن دەستگیر کردبوو، ئەم هێرشە بەردەوامانەی وای کردووە ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی کارەکانی ڕابگرێت و بارەگایەکەی بۆ عەدەن بگوازێتەوە