حکوومەتی فەڵەستین لە غەززە: دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست 327 کەس بوونەتە قوربانی

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل 80 پێشێلکاریی ئاگربەستی ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە 97 فەڵەستینی کوژراون و 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، پێشێلکارییەکان لە دوای 10ی تشرینی یەکەمی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە، کە تێیدا ئاگربەستەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. نووسینگەکە ڕەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتی سوپای ئیسرائیل گرتووە، بەوپێیەی ئەم پێشێلکارییانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بەها مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دادەنرێن.
حکوومەتی فەڵەستین ئاماژەی بەوەش داوە، سەرەڕای دیاریکردنی ناوچەی ئەمنی و قەدەغەکراو، بەڵام سوپای ئیسرائیل هاووڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج گرتووە و هێرشەکانی لە زەوی و ئاسمانەوە کراونەتە سەر گەڕەکە سڤیل نشینەکان.
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە سەرتاسەری کەرتی غەززە ئەنجامدراون و هیچ جیاوازییەک لەنێوان خەڵکی مەدەنی و چەکداران نەکراوە، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ پابەند نەبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست و بەردەوامبوون لە سیاسەتی "پاکتاوکردنی گەلی فەڵەستین" لێکدراوەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی فەڵەستین داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پاڵپشتیکەرانی ڕێککەوتننامەی شەرم شێخ کردووە کە بێنە دەنگ و فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی دەستدرێژی و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و کوشتنی فەڵەستینییەکان ڕابگرێت.
شایەنی باسە، ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا، بە پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە جگە لە ڕاگرتنی شەڕ، پاشەکشەی سوپای ئیسرائیل، ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان، گەیاندنی خێرای هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و چەکداماڵینی حەماسی لەخۆ دەگرێت.
ئەم ئاگربەستە کۆتایی بە شەڕێک هێنا کە ماوەی دوو ساڵی خایاند و بەهۆیەوە زیاتر لە 68 هەزار فەڵەستینی کوژران و نزیکەی 170 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زۆربەی ژێرخانەکانی کەرتی غەززە وێران بوون.