کۆمەڵێک گەنجی هەولێر لە ڕێگەی هونەرەوە خزمەت بە شارەکەیان دەکەن

لە هەڵمەتێکی نوێدا، کۆمەڵێک گەنجی دڵسۆزی شاری هەولێر، لە ڕێگەی هونەری وێنەکێشانەوە، دروشمە ناشیرینەکانی سەر دیوارە گشتییەکان دەگۆڕن بۆ تابلۆی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی، بەمەش سیمای شار جوانتر دەکەن.

ڕێکخراوی "مەیپڵ تری" (Maple Tree)، کە لە ژمارەیەک گەنجی خۆبەخش پێکدێت، کەمپەینێکیان بە ناوی "ڕەنگاڵا" ڕاگەیاندووە. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێکخراوە پەرەپێدانی کۆمەڵ و جوانکردنی سیما و ژینگەی وڵاتە. 

ئەوان دوای تەواوکردنی کارەکانی ڕۆژانەیان، کاتەکانیان تەرخان دەکەن بۆ پاککردنەوە و جوانکردنی شوێنە گشتییەکان. لە ئێستادا دەستیان بە کارەکانیان لە پردەکانەوە کردووە و شارەوانی هەولێر وەک هاندانێک پشتیوانییان لێدەکات.

ڕێنجەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، دەربارەی ئەم هەڵمەتە ڕایگەیاند: "بە سوودوەرگرتن لە توانای مرۆیی ڕێکخراوی مەیپڵ تری، هەستاین بە سپۆنسەرکردنیان بۆ ڕازاندنەوە و خاوێنکردنەوەی ژێر پردەکان. کارکردنی ئەم کۆمەڵە گەنجە، کە هەندێکیان دەرچووی زانکۆ و هەندێکیشیان قوتابیی زانکۆن، نموونەی گەنجی خەمخۆری شار و وڵاتەکەن. پیشاندانی ئەم نموونەیە، پیشاندانی بەشێکە لە نموونەی گەنجەکانی وڵاتەکەم. لێرەشەوە داوا لەو کەسانە دەکەین کە هەڵدەستن بە پیسکردنی ئەو دیوارانە، ماندووبوون و شەونخوونی ئەم گەنجانە ببینن و کاری لەم شێوەیە دووبارە نەکەنەوە".

هەکار محەممەد، سەرۆکی ڕێکخراوی "مەیپڵ تری"، بە  کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەر چەندە سوپاسی گەنجەکانی خۆمان بکەم هێشتا هەر کەمە، چەندین گەنج دوای کاتەکانی خوێندن و کارکردنی ڕۆژانەی خۆیان دێن لێرە بە خۆبەخش لەگەڵ ئێمە تا کاتژمێر یەک و دووی شەو کاردەکەن و دیوارە پیسەکان بۆیە دەکەن". 

ناوبراو داواشی لەو کەسانە کرد کە دیوارەکان پیس دەکەن، "با شەوێک بێن و یارمەتی ئێمە بدەن لە بری پیسکردن جوانکاری بکەن بۆ دیوارەکان، بەڵکوو هەستی بەرپرسیارەتییان بجووڵێت و واز لە پیسکردنی سیماکانی شار بهێنن".

شایانی باسە، ڕێکخراوی "مەیپڵ تری" نەک تەنیا لە هەولێر، بەڵکوو هەڵمەتەکەی لە تەواوی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و وەک نموونەیەکی درەوشاوە لە خۆبەخشی و بەشداری گەنجان لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە ناسراوە.

 
Fly Erbil Advertisment