پاش ڕەتکردنەوەی تۆماهۆک، زێلێنسکی داوای سیستەمی پاتریۆت لە ئەمەریکا دەکات

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا (وێنە: AFP)
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا (وێنە: AFP)

دوای ڕەتکردنەوەی مووشەکی تۆماهۆک، ئۆکرانیا داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" لە ئەمەریکا دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە 25 دانە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" لە ئەمەریکا بکڕێت. 

بە گوتەی زێلێنسکی، هەبوونی ئەم سیستەمە، بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا بەهێزتر دەکات لە بەرانبەر مووشەکە بالیستییەکانی ڕووسیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد ناوی وڵاتەکەیان لە یەکەمی ئەو لیستەدا دابنێن کە پاتریۆتیان پێ دەدەن و چاوەڕوانی ئەوەن یەکێتی ئەورووپا ئەم سیستەمە کارا و چالاکە بگەیەنێتە کیێڤ، بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا دژبە مووشەکە بالیستی و دوورمەوداکانی ڕووسیا.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا، ئامادەیە بچێتە بوداپێست، پایتەختی هەنگاریا، کە بڕیارە لەوێ چاوی بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەوێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەینی ڕابردوو (17ـی تشرینی یەکەمی 2025)، لە میانەی سەردانێکی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاند، ئەمەریکا بڕیاری نەداوە مووشەکی تۆماهۆک بدات بە ئۆکرانیا و دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کیێڤ نەرمی بنوێنێت.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام داوە. گوتیشی "لە هەنگاریا چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پوتن دەبێت و زێلێنسکیش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێتەوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment