چەکدارانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران لە شارەکانی ئێراندا بڵاو دەکرێنەوە

حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسووڵوڵڵای تاران، ڕایگەیاند، جارێکی دیکە کاروانی گەشتەکانی هێزەکانی بەسیج دەگەڕێننەوە شەقامەکانی شارەکە، دەشڵێت: بەراورد بە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە، ئێستا ژمارەی گەشتەکانیان سنووردارن، بەڵام هێزەکان بۆ گەڕانەوەی شەقامەکان بە تەواوی ئامادەن.

فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسووڵوڵڵای تارانی گەورە، دەربارەی چالاکیی گەشتەکانی سوپا و بەسیج لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژە گوتی: لەو کاتەدا، کۆمەڵێک گەشتی زانیاری، ئۆپەراسیۆنی، گەشتی پیادە، ماتۆڕی، ئۆتۆمبێلی و تێکەڵاو، هەروەها دانانی خاڵی پشکنین لە شوێنە جیاوازەکاندا وەک شاڕێگە، شەقامە سەرەکییەکان، گۆڕەپانەکان، گەڕەکەکان، بەرزاییەکانی باکوور و تەنانەت لە گەڕەکەکانی دەوروبەری تارانیش بەڕێوە چوون.

لیوا حەسەنزادە، دەربارەی چۆنییەتی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانانە، گوتی: لە شاری تاران، بە یارمەتیی هێزەکانی بەسیج لە ناوچە، بنکە و کەرتەکاندا، سەرکەوتوو بووین لە جێبەجێکردنی پلانێکی گشتگیر بە قۆناغی جیاواز و بۆ داهاتووش ڕێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر.

فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسووڵوڵڵای تارانی گەورە، گوتیشی:  ئەمڕۆ ئەرکی سەرەکیی تیمە ڕێکخراوەکانی بەسیج، یارمەتیدانی خەڵک، هاوکاریکردنی پۆلیس و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئاسایشی گشتیی لە گەڕەکەکان، ڕێڕەوەکان و خاڵەکانی چوونە ژوورەوە و چوونە دەرەوەی شاری تارانە.

لیوا حەسەنزادە، هەروا گوتی: جەنگی 12 ڕۆژە بووە هۆی ئەوەی ئێمە پلانەکانمان کامڵتر ببێت و ئێستا پلانەکانمان بۆ قۆناغ و بارودۆخی جیاواز دارشتووە؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکان، سیناریۆی جیاوازمان پێشبینی کردووە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو دۆخێک خۆمان ئامادە کردووە. کارەکانمان لە یارمەتیدانی خەڵک و خزمەتگوزاریی شارستانییەوە بگرە تا ڕووبەڕووبوونەوەی توندی ئەو گرووپانەی بیانەوێت بچووکترین نائارامیی لە تاراندا دروست بکەن، لە خۆ دەگرێت.

فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسووڵوڵڵای تارانی گەورە، جەختی کردەوە: ئەمڕۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەی هەموو جۆرە دۆخێکی نەخوازراو، باری ئامادەیی، پلانەکان، کەرەستە و تواناكانمان لە جاران  باشتر و پێشکەوتووترە.

لیوا حەسەنزادە، لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوونی کردەوە: سوپا، بەسیج و هێزە چەکدارەکان، لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەکدا بەو پەڕی  ئامادەیی دەوەستنەوە و ڕێگە نادەن ئاسایش و ئارامیی خەڵکەکەمان لەلایەن دژەشۆڕش و دوژمنانەوە تێک بدرێت.

 
Fly Erbil Advertisment