کۆسرەت رەسوول: نەجمەدین کەریم خزمەتێکی یەکجار گەورەی گەلەکەمانی کردووە
"خەمی لەدەستدانی ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین"
K24 - هەولێر
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری کەرکووک دەردەبڕێت و، دەڵێ "لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و دەرەوەی وڵات، خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە".
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 31-10-2020) لە ئەمەریکا بەهۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
كۆسرەت رەسول لە پرسەنامەیەکدا هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم دەردەبڕێت، لە بەشێکی پرسەنامەکەشدا دەڵێ "لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك، لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە، توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات".
دەقی پرسەنامەکە:
بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی.
دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار و تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاتر و گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە، توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات.
بەداخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد و بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی و لەدەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان دەكەم، داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
هـ.ر.