کۆسرەت رەسوول: نەجمەدین کەریم خزمەتێکی یەکجار گەورەی گەلەکەمانی کردووە

"خەمی لەدەستدانی ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین"

K24 - هەولێر

‎سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی ‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری کەرکووک دەردەبڕێت و، دەڵێ "لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و دەرەوەی وڵات، خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە".

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 31-10-2020) لە ئەمەریکا بەهۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

‎كۆسرەت رەسول لە پرسەنامەیەکدا هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم دەردەبڕێت، لە بەشێکی پرسەنامەکەشدا دەڵێ "لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك، لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە، توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات".

دەقی پرسەنامەکە:

‎بە خەم و پەژارەیەكی یەكجار قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی (دكتۆر نەجمەدین كەریم)م زانی.
‎دكتۆر نەجمەدین كەریم سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكار و تێكۆشەرێكی گەورەی گەلەكەمان بوو، یەكێك بوو لە نزیكترین هاوڕێ و دۆستەكانی جەنابی مام جەلال، لە ژیان و خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خۆیدا لە كوردستان و لە دەرەوەی وڵات خزمەتێكی یەكجار گەورەی بە میللەتەكەمان كردووە، هەمیشە خەباتی دەكرد لەپێناو میللەتەكەمان و خۆشگوزەرانی زیاتر و گەیشتن بە مافە ڕەواكانمان، لە سەردەمی كاركردنی وەك پارێزگاری كەركووك لەڕووی خزمەتگوزاری و بەرقەراربوونی دۆخی ئەمنی و پێكەوەژیان لە شارەكە، توانی خزمەتێكی یەكجار گەورە بە كەركووك و كەركووكییەكان بكات.

‎بەداخەوە ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد و بۆ هەتا هەتایە هەموومانی جێهێشت، خەمی كۆچی دوایی و لەدەستدانی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئازارێكی قووڵە و هەموومان نیگەرانین، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خۆمان و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان دەكەم، داواكارم خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و كۆچكردووش جێگای بەهەشتی بەرین بێت.


‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

هـ.ر.