قوباد تاڵەبانی: لە‌سە‌رە‌تای ژیانی سیاسیم سوودی زۆرم لە‌ ئامۆژگاری و كارەكانی نەجمەدین کەریم بینیوە

"خەمبار و دڵگران بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم"

 K24 - هەولێر

‎جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پارێزگاری کەرکووک سەرەخۆشی لە خێزانەکەی دەکات، دەشڵێ "لە‌سە‌رە‌تای ژیانی سیاسیم سوودی زۆرم لە‌ ئامۆژگاری و كارەكانی نەجمەدین کەریم بینیوە لە ئەمەریکا".

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 31-10-2020) لە ئەمەریکا بەهۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە پرسەنامەکەیدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "هەرگیز خزمەت و خەمخۆریی دكتۆر نەجمەدینـم بۆ تە‌ندروستی باوکم بیرناچێتە‌وە،‌ کە بۆ چەندین ساڵ لە کاتی وە‌رگرتنی چارەسەرەکانی لە ئەمریکا هەم وەکو پزیشک و جەڕاحێکی پێشکەوتوو، هەم وەکو هاوڕێ و دۆستێکی ئازیزی مام،‌ دواتریش لە‌ بەغدا و لە ئەڵمانیا، شە‌و و رۆژ چاودێری تە‌ندروستی باوكمی دە‌كرد تا ماڵئاواییكردنی هەمیشەیی".

دەقی پرسەنامەکەی:

بە‌ڕێزان زۆزان خان، کاکە شوان، کاک سیروان، ئەڤین خان، کاک کاروان و تەواوی بنەماڵەی دکتۆر نە‌جمە‌دین کەریم، خەمبار و دڵگران بووم بەبیستنی هەواڵی کۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم. ‎كۆچكردوو، جگە لەوەی پزیشك و پارێزگار و كەسایەتییەكی سیاسی ناسراو بوو، هاوڕێ و دۆستی نزیكی سە‌رۆك مام جەلالیش بوو.

هەروەها یە‌كێك بوو‌ لە‌ دروستكە‌رانی پردی پە‌یوە‌ندی لە‌نێوان كورد و ئە‌مریكا،‌ بە‌ندە‌ش لە‌سە‌رە‌تای ژیانی سیاسیم لە‌و وڵاتە ‎سودی زۆرم لە‌ ئامۆژگاری و كارەكانی بینیوە.

‎لە هەمان کاتدا هەرگیز خزمەت و خەمخۆریی دكتۆر نەجمەدینـم بۆ تە‌ندروستی باوکم بیر ناچێتە‌وە،‌ کە بۆ چەندین ساڵ لە کاتی وە‌رگرتنی چارەسەرەکانی لە ئەمریکا هەم وەکو پزیشک و جەڕاحێکی پێشکەوتوو، هەم وەکو هاوڕێ و دۆستێکی ئازیزی مام،‌ دواتریش لە‌ بەغدا و لە ئەڵمانیا، شە‌و و رۆژ چاودێری تە‌ندروستی باوكمی دە‌كرد تا ماڵئاواییكردنی هەمیشەیی.

‎بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە‌ و سە‌رە‌خۆشیتان ئاڕاستە‌‌ دە‌كە‌م و لە‌خوای گە‌ورە‌ داواكارم گیانی بە‌ بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری هەموو لایەک بدات.

‎إنا لله وإنا إليه راجعون

‎قوباد تاڵەبانی
‎جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران

هـ.ر.