ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئاماژەدان بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، دەربارەی شانازیکردن بە بۆمبارانی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتی: کێشە نییە، هەروا بیر بکەرەوە، بەڵام تۆ کێی تا سەبارەت بەوەی وڵاتێک پیشەسازیی ئەتۆمی هەبێت یان نەبێت، قسە بکەیت؟
دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەم 2025، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پاڵەوانانی ئێرانی لە بوارەکانی وەرزشی و براوەکانی مەدالیای ئۆلۆمپیادی زانستیی جیهانی، لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، گوتی: ئەو کەسە دەیەوێت بە ڕەفتاری سووک درۆی گەورە دەربارەی ئێران و ناوچەکە و گەلی ئێران، ورەی ئیسرائیل بەرز بکاتەوە و توانایی خۆی دەربخات؛ بەڵام ئەگەر ڕاست دەکات با بڕوات ئەو ملیۆنان کەسەی لە سەرانسەری ئەمەریکادا، دروشمی دژایەتییکردنی ئەو دەدەن، ئارام بکاتەوە.
خامنەیی، هەروا گوتی: لێی گەڕێن با هەر وڕێنە بکات، بۆ ئەو کێیە تا سەبارەت بەوەی وڵاتێک پیشەسازیی ئەتۆمی هەبێت یان نەبێت، قسە بکات؟
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانی گەنجان لە وەدەستهێنانی مەدالیا لە بوارەکانی وەرزش و زانست دا و گوتی: سەرکەوتنەکانی ئێوە مایەی شادیی گەلی ئێرانە، ئێوە بە دەرخستنی توانا و هێزی گەل، باشترین وەڵامی دوژمنانی ئێرانتان داوەتەوە.
عەلی خامنەیی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێوە سەلماندتان کە هیوا و داهاتووی ئێرانن و ئەو توانایەتان هەیە ئێران بگەیەننە لووتکەی سەرکەوتن.