عەلی یەرلیکایا: تورکیای بێ تیرۆر بە واتای دڵنیابوون لە مافی ژیان ئارامی و ئاسایش دێت

دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگاری دیاربەکر گوتی: ئامانجیان بونیاتنانی داهاتوویەکە کە یەکڕیزی تێیدا زاڵ بێت نەک فرمێسک.
دوای کۆبوونەوەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگەڵ موراد زۆرلوئۆغڵو پارێزگاری دیاربەکر و لێژنەی ئەمنی پارێزگاکە کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان کرد، دواتر یەرلیکایا لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "تورکیایەکی بێ تیرۆر، بە واتای دڵنیابوون لە مافی ژیان، ئارامی و ئاسایش دێت."
وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە، ئامانجی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" تەنیا پڕۆژەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو "پڕۆژەی گەشەپێدانی ئاشتی، پێشکەوتن و برایەتیمانە، ئامانجێکی شارستانییە و کەسانێک هەن دەیانەوێت پڕۆسەکە تێک بدەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەمماندا بوەستێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی یەرلیکایا گوتیشی: "بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر، داهاتوویەک بونیات دەنێین کە یەکڕیزی تێیدا زاڵ بێت نەک فرمێسک، گوتیشی: تیرۆر بە تەواوی لە ڕۆژەڤی ئەم وڵاتەدا دەسڕدرێتەوە. چونکە گەورەترین هێزی ئێمە باوەڕمانە، برایەتیمانە و ویستی مانەوەمانە لەژێر ئاڵای مانگ و ئەستێرەدا، بەرەوپێشچوونی ئەم برایەتییە وا دەکات هیچ هێزێک نەتوانێت لەبەردەم گەلەکەماندا بوەستێت."